پزیشکیان: جەنگ نەیتوانی بە ئامانجەکانی بگات

جەبار حسین 3 کاتژمێر پێش ئێستا
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران. فۆتۆ: AP
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران. فۆتۆ: AP

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران گوتی، سەرەڕای جەنگ، سزای ئابووری و "تیرۆرکردنی سەرکردە و زانایانی وڵاتەکەی"، نەیاران نەیانتوانیوە بە ئامانجەکانیان بگەن. ئەم گوتانەش لە کاتێکدایە کە بەپێی لێدوانی بەرپرسانی پاکستان و ئەمریکا، هەردوو وڵات لە واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی مێژوویی نزیک بوونەتەوە.

خۆڕاگریی ئێران لە بەرامبەر فشارەکاندا

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاند، جەنگ، سەرەڕای "تیرۆرکردنی سەرکردە و زانایانی ئەتۆمی" و هێرشکردنە سەر ژێرخانی ئێران، نەیتوانیوە بە ئامانجەکانی خۆی بگات.

ستایشکردنی خۆڕاگریی هاوڵاتییان

پزیشکیان ستایشی ڕۆڵی گەلی ئێران دەکات لە بەرگەگرتنی فشارە ئابوورییەکاندا و دەڵێت: "من باش ئاگاداری ئەو سەختییانەم کە گەلەکەمان بەرگەی گرتووە، ئارامییان لە بەرامبەر فشارە ئابوورییەکاندا تاقیکردنەوەیەکی گەورە بوو".

نێوەندگیریی پاکستان و نزیکبوونەوەی ڕێککەوتن

گوتەکانی سەرۆککۆماری ئێران لە کاتێکدایە، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، کە حکوومەتەکەی نێوەندگیری دەکات لە نێوان ئێران و ئەمریکادا بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکانیان، پێشبینی دەکات لە ماوەی 24 کاتژمێردا ڕێککەوتن واژۆ بکرێت؛ دۆناڵد ترەمپیش ڕایگەیاندووە، بڕیارە سبەی ڕێککەوتن لەگەڵ ئێراندا واژۆ بکەین.

کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراو لە جنێڤ

پێشتریش ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە بۆ هەمان مەبەست، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران سەردانی شاری جنێڤی سویسرا بکەن.

مەرجەکانی ڕێککەوتنی نێوان تاران و واشنتن

چەند سەرچاوەیەکی دیکە بە ئاژانسەکەیان (کە پێشتر کەناڵ8ـیش بەدواداچوونی بۆ بابەتەکە کردبوو) ڕایگەیاندووە، مەرجەکانی ڕێککەوتنەکەی نێوان تاران و واشنتن، ئازادکردنی ملیاران دۆلار لە سامانە بلۆککراوەکانی ئێران و هەڵگرتنی سزا لەسەر هەناردەی نەوتی ئێران لەخۆدەگرێت، لەبەرامبەر کردنەوەی گەرووی هوورموزدا.

جەبار حسین

3 کاتژمێر پێش ئێستا