ئاگربەستی لوبنان؛ تاقیکردنەوەیەکی سەخت بۆ ڕێککەوتنی ئەمریکا و ئێران
وەستاندنی شەڕ لە لوبنان بووەتە یەکێک لە مەرجە هەرە سەرەکییەکان و تاقیکردنەوەی ڕاستەقینە بۆ سەرکەوتنی ئەو ڕێککەوتنەی بڕیارە لە نێوان واشنتن و تاراندا واژۆ بکرێت؛ لە کاتێکدا ئێران جەخت لە کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل دەکاتەوە، نەتانیاهوو سوورە لەسەر بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بۆ سەر بنکەکانی حیزبوڵا.
ڕێککەوتن لەژێر سێبەری شەڕدا
وەستاندنی شەڕ لە لوبنان بووەتە تاقیکردنەوەی سەرەکی بۆ سەرکەوتنی ئەو ڕێککەوتنەی بڕیارە لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا واژۆ بکرێت. بەگوتەی بەرپرسان، واشنتن و تاران لە ڕێککەوتن نزیکن، لە کاتێکدا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان بەردەوامن.
داواکارییەکانی ئێران بۆ کشانەوەی ئیسرائیل
ئێران جەخت دەکاتەوە کە هەر ئاگربەستێک دەبێت خاکی لوبنانیش بگرێتەوە و ببێتە هۆی کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئیسرائیل لەو وڵاتە. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە هیچ بارودۆخێکدا دەستبەرداری حیزبوڵا نابێت و ڕاگرتنی هێرشەکانی سەر باشووری لوبنان داواکاریی سەرەکییانە.
کێشەی ئەتۆمی بۆ قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنەکەیە
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: "لە قۆناغی دووەمدا کێشەی ئەتۆمی گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، شانبەشانی هەڵگرتنی سزا لەسەر ئێران و یەک یان دوو بابەتی دیکە کە دواتر باسیان دەکەم و ڕێککەوتنێکی کۆتایی بەدەست دێت؛ لە ئەنجامدا جەنگ لە هەموو بەرەکاندا کۆتایی دێت، بە لوبنانیشەوە، و پابەندبوونێک دەکرێت کە ئەوان دەستپێشخەریی هیچ جەنگێک ناکەن و پەنا نابرێتە بەر هەڕەشە یان بەکارهێنانی هێز."
هەوڵەکانی ترەمپ بۆ نێوەندگیری
لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ کە هەوڵی نێوەندگیریی لە نێوان حیزبوڵا و ئیسرائیلدا دابوو، داوای لە بنیامین نەتانیاهوو کردووە هێرشەکانی ڕابگرێت، چونکە لەم شەڕە بێزار بووە و کاریگەریی خراپیشی کردووەتە سەر ڕێککەوتنەکە.
پێداگریی ئیسرائیل لەسەر بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەکان
لەلایەکی دیکەوە ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر باشووری لوبنان توند کردووەتەوە و ڕەتیدەکاتەوە خاکی لوبنان چۆڵ بکات و واز لە شەڕکردن بهێنێت. بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند: "ئێمە بەردەوامین لە قووڵکردنەوەی چالاکییەکانمان لەسەر خاکی باشووری لوبنان و بنکەکانی حیزبوڵا لەناودەبەین؛ حیزبوڵا ئێستا لە دۆخی هەڵاتندایە، ئێمە سوورین لەسەر گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆ دانیشتووانی باکووری ئیسرائیل، هەر وەکو چۆن بۆ دانیشتووانی باشوورمان گەڕاندەوە."
پەرەسەندنی گرژییەکان و وەڵامی تاران
لە 6ی ئەم مانگەشدا ئێران بە هێرشێکی مووشەکی وەڵامی فراوانبوونی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیلی لە لوبنان دایەوە، بەتایبەت بۆ سەر ناوچەی زاحیە لە بەیرووت.
دڵنیایی حیزبوڵا لە هەڵوێستی ئێران
هاوکات بەرپرسانی باڵای حیزبوڵا دەڵێن، تەواو دڵنیان ئێران سوور دەبێت لەسەر ئەوەی لوبنانیش لەم ڕێککەوتنەدا بەشدار بێت.
پاشخانی بەشداربوونی حیزبوڵا لە ململانێکەدا
لە 2ی ئازاری ئەمساڵدا، حیزبوڵا بۆ پاڵپشتیی تاران چووە ناو ململانێکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە و مووشەکەکانی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، ئەمەش بووە هۆی هێرشێکی پێچەوانەی زۆر توندی ئیسرائیل کە کوژرانی هەزاران لوبنانی و تێکدانی سەدان گوند و ناوچەی لێکەتووەتەوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا