ترەمپ: لەکاتی گونجاودا یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی ئێران لەناودەبەین
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەڕەشەی دەرهێنان و لەناوبردنی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی ئێران دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەدەستهێنانی ئەو ماددانە کاری لەپێشینەی واشنتنە؛ هاوکات ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان ئاشکرای دەکەن کە تاران ڕێگەکانی گەیشتن بە بنکە ئەتۆمییەکانی مینڕێژ کردووە و ئەمریکاش ئۆپەراسیۆنێکی زەمینیی بۆ دەستگرتن بەسەر یۆرانیۆمەکەی ئێراندا ڕاگرتووە.
هەڕەشەکانی ترەمپ لە ترووس سۆشیاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی کار دەکات بۆ لەناوبردنی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی ئێران و گوتیشی کە ڕێککەوتنێک لەگەڵ تاران لە ڕۆژی یەکشەممە (14/6/2026)دا واژۆ دەکرێت. ناوبراو ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە (13/6/2026) لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ترووس سۆشیاڵ ڕایگەیاند: "لە کاتی گونجاودا، کاتێک دۆخەکە هێور دەبێتەوە، دەچینە ئێران و ئەو تۆزە ئەتۆمییە دەردەهێنین کە بە قووڵی شاردراوەتەوە".
ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنی زەمینیی ئەمریکا
گوتەکانی ترەمپ لە کاتێکدایە، بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی سی ئێن ئێن کە ڕۆژی هەینیدا بڵاویکردەوە، ئەمریکا لە قۆناغێکی پێشکەوتووی پلانداناندا بووە بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە ئێران، بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی ئەو وڵاتە.
ترەمپ ئۆپەراسیۆنی دەستگرتن بەسەر یۆرانیۆمی ئێراندا ڕاگرت
بەڵام پاش ئاگادارکردنەوەی سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی ئەو زیانانەی کە دەکرێت لەم پڕۆسەیەدا بەر ئەمریکا و ئابووریی جیهان بکەوێت، ئۆپەراسیۆنەکەی ڕاگرت.
"بەدەستهێنانی یۆرانیۆمەکە کاری لەپێشینەیە بۆ ئەمریکا"
ترەمپ لە ماوەی ئاڵۆزییەکان لەگەڵ ئێراندا، بەردەوام گوتوویەتی: "بەدەستهێنانی یۆرانیۆمەکە کاری لەپێشینەیە بۆ ئەمریکا تاوەکو کۆتایی بە جەنگ بهێنرێت و گەرووی هورمزیش جارێکی دیکە بکرێتەوە".
مینڕێژکردنی بنکە ئەتۆمییەکان
هاوکات سی ئێن ئێنی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا ئاشکرای کردووە، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، ئێران ڕێگەکانی گەیشتن بە یۆرانیۆمەکەی قورس کردووە و مینی بەکار هێناوە تاوەکو کەس نەتوانێت لە شوێنە ئەتۆمییەکان نزیک بێتەوە.
گەیشتن بە یۆرانیۆمەکەی ئێران قورسە
پێنج سەرچاوەی هەواڵگریی ئەمریکی بە کەناڵەکەیان گوتووە: "ئێستا گەیشتن بە نیو تۆن لە یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران زۆر زەحمەتە؛ بە بەراورد بە مانگێک پێش ئێستا پڕۆسەکە زۆر مەترسیدارتر بووە و کاتێکی زیاتریشی دەوێت".
تەقاندنەوەی تونێلەکان و ئاستەنگیی گواستنەوە
بەگوێرەی کەناڵەکە، ئێران تونێل و ڕێگەکانی گەیشتن بە ماددە ئەتۆمییەکەی تەقاندووەتەوە و مینیشی لە نزیک دەروازەی ئەو شوێنانە چاندووە کە دەچنە سەر یۆرانیۆمەکە. ژمارەیەک سەرچاوەی ئێرانی لەسەر ئەم بابەتە دەڵێن، ئێستا تەنانەت بۆ ئێرانییەکانیش زۆر سەختە یۆرانیۆمە پیتێندراوەکە بگوازنەوە و پێویستی بە کاری سەخت و ئامێری هەڵکەندنی زۆر پێشکەوتوو دەبێت.
3 کاتژمێر پێش ئێستا