دەستبەسەرکردنی پۆلیسێک لە کەرکووک بەهۆی هێرشکردنە سەر هاووڵاتییەک

کەناڵ8 2 کاتژمێر پێش ئێستا
هێرشی کارمەندێکی پۆلیس بۆسەر هاوڵاتییەک لە کەرکووک کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە
هێرشی کارمەندێکی پۆلیس بۆسەر هاوڵاتییەک لە کەرکووک کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە

بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە بەنزینخانەیەکی کەرکووک کە تێیدا پۆلیسێک پەلاماری هاووڵاتییەک دەدات، کاردانەوەی توندی لێدەکەوێتەوە؛ وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڕیاری دەستبەسەرکردنی پۆلیسەکەی دا، بەڵام پۆلیسی وزە دەڵێت هاووڵاتییەکە یاسای شکاندووە و وێنەی شوێنی حکومیی گرتووە.

ڕووداوی بەنزینخانەی شۆریجە

ئەمڕۆ شەممە هاووڵاتییەک لە بەنزینخانەی شۆریجەی کەرکووک، دوای ئەوەی بە گوتەی خۆی 1 کاتژمێر لە سەرەدا وەستاوە و بەنزینی پێنەدراوە، دەستی بە تۆمارکردنی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کردووە. لەو کاتەدا کارمەندێکی پۆلیس پەلاماری هاووڵاتییەکە دەدات و هەوڵی لێسەندنی مۆبایلەکەی دەدات، کە دواتر ڤیدیۆکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە.

بەرگریی پۆلیسی وزە لە کارمەندەکەیان

موقەدەم ئارام عەبدوڵا، گوتەبێژی لیوای 1ـی پۆلیسی وزە ڕایگەیاند، ئەو هاووڵاتییە داوایکردووە لە دەرەوەی ڕێکارەکان بەنزینی پێبدرێت و کارمەندانی بەنزینخانەکەی بێزار کردووە. ئاماژەی بەوەش کرد، کارمەندەکەی پۆلیس "تاوانی نییە" و تەنیا هەوڵیداوە مۆبایلەکەی لێوەربگرێت چونکە وێنەی دامەزراوەیەکی حکومیی گرتووە. پۆلیسی وزە سکاڵای دژی هاووڵاتییەکە تۆمارکردووە و لە ئێستادا لە بنکەی پۆلیسی عروبە ڕاگیراوە.

بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی عێراق

میقداد میری، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، لەسەر فەرمانی بریکاری وەزارەت، کارمەندەکەی پۆلیسی وزە لە کەرکووک دەستبەسەر کراوە. وەزارەتی ناوخۆ جەختی کردەوە کە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر ڕووداوەکە پێکهێنراوە و ئەو ڕەفتارەی پۆلیسەکە "هەڵسوکەوتێکی تاکەکەسییە" و گوزارشت لە بنەما پیشەییەکانی وەزارەت ناکات.

کەناڵ8

2 کاتژمێر پێش ئێستا