14ـی حوزەیران ڕۆژی جیهانیی خوێنبەخشینە
14ـی حوزەیران ڕۆژی جیهانیی خوێنبەخشینە، ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی چەند هۆشیارییەک لەسەر پڕۆسەی خوێبەخشین بڵاودەکاتەوە.
دۆخی تەندروستیی بەخشەر
پێش پرۆسەی خوێنبەخشین دەبێت چەند پشکنینێک بۆ کەسی بەخشەر ئەنجام بدرێن، بۆ زانینی ئاستی خوێنی کەسەکە و چەندین زانیاریی دیکە، تەندروستیی جیهانی دەڵێت '' ئەو کەسانەی دەیانەوێت خوێن ببەخشن دەبێت بارودۆخی تەندروستییان جێگیر و گونجاو بێت''، ئەو کەسانەی ئەم حاڵەتانەیان هەیە، نابێت خوێن ببەخشن:
- پەتا
- هەڵامەت
- بەکتریای گەدە و جۆرە هەوکردنەکانی دیکە
- ئەو کەسانەی تازە تاتۆیان ئەنجامداوە ناتوانن هەتاوەکو دوای شەش مانگ لە ڕۆژی ئەنجامدانی تاتۆکەوە خوێن ببەخشن
- ئەو کەسانەی سەردانی پزیشكی ددانیان کردووە تاوەکو 24 کاتژمێر دوای ڕۆژی سەردانەکە ناتوانن خوێن ببەخشن
- ئەو کەسانەی تووشبووی (ڤایرۆسی ئێچ ئای ڤی)ـین
- ئەو کەسانەی نەخۆشیی ئایدزیان هەیە
تەمەنی ئاسایی خوێنبەخشین
تەمەنی نێوان 18-65 ساڵان بە تەمەنی ئاسایی خوێنبەخشین دادەنرێت.
کێشی جەستەی ئەو کەسانەی خوێن دەبەخشن
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت''ئەو کەسانەی خوێندەبەخشن دەبێت کێشی جەستەیان سەروو 50 کلیۆگرام بێت''.
پەیوەندیی نێوان گەشتکردن و خوێنبەخشین
چەند وڵاتێک ڕێکاری یاسایی تایبەت بەخۆیان هەیە و ڕێگری لە ئەو کەسانە دەکەن خوێن ببەخشن کە مێژووی گەشتکردنیان هەیە، لە پێناو کەمبوونەوەی ئەگەری گواستنەوەی ئەو بەکتریا و ڤایرۆسانەی کە لە ڕێگەی خوێنەوە دەگوازرێنەوە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا