مێژووی ڕەشی جەنگ و مۆندیال؛ بۆچی لە 1942 و 1946 جیهان بێبەش بوو؟

بەهزاد ئەحمەد 3 کاتژمێر پێش ئێستا
مێژووی ڕەشی جەنگ و مۆندیال
مێژووی ڕەشی جەنگ و مۆندیال

مێژووی جامی جیهانیی تۆپی پێ پڕە لە ئاستەنگی و ململانێ؛ لە کێشەی گەشتکردن بە کەشتی و گرفتی داراییەوە، تاوەکو ڕاگرتنی پاڵەوانێتییەکە بۆ ماوەی 12 ساڵ بەهۆی جەنگی جیهانیی دووەم و کاریگەرییەکانی جەنگی ئۆکرانیا لەسەر مۆندیالی 2026.

سەرەتای دروستبوونی مۆندیال و ململانێی ئۆڵۆمپیاد

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی (FIFA) لە ساڵی 1904 دامەزرا، بەڵام لە سەرەتادا ڕووبەڕووی ڕەتکردنەوەی لیژنەی ئۆڵۆمپیادی نێودەوڵەتی بووەوە کە ڕێگەی نەدەدا یاریزانە پیشەگەرەکان بەشداری بکەن. ژوول ڕیمێ، سەرۆکی پێشووتری فیفا، هەوڵیدا پاڵەوانێتییەک دروست بکات کە سەرجەم یاریزانە پیشەگەرەکان لەخۆبگرێت، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی لە کۆنگرەی فیفای ساڵی 1928 لە ئەمستردام بڕیار لەسەر ڕێکخستنی یەکەم جامی جیهانی بدرێت.

یەکەم پاڵەوانێتی و گەشتکردن بە کەشتی

لە ساڵی 1930 بۆ یەکەمجار وڵاتی ئۆرۆگوای میوانداریی جامی جیهانیی کرد. لەو سەردەمەدا گەشتکردن بە کەشتی و کێشەی دارایی گەورەترین ئاستەنگی بەردەم هەڵبژاردەکان بوون. ئۆرۆگوای کە پێشتر دوو جار پاڵەوانی ئۆڵۆمپیادی ساڵانی 1924 و 1928 بوو، توانی یەکەم نازناوی مۆندیالیش بۆ خۆی بباتەوە.

جەنگی جیهانیی دووەم و ڕاگرتنی مۆندیال

جەنگی جیهانیی دووەم بووە هۆی دابڕانێکی گەورە لە مێژووی پاڵەوانێتییەکەدا، بەجۆرێک لە ساڵانی 1942 و 1946 مۆندیال ئەنجام نەدرا. هەرچەندە جەنگەکە لە ساڵی 1945 کۆتاییهات، بەڵام بەهۆی کوژرانی ملیۆنان گەنج و یاریزان، وێرانبوونی یاریگاکان و تەرخانکردنی بودجەی وڵاتان بۆ ئاوەدانکردنەوە لەبری وەرزش، فیفا نەیتوانی لە ساڵی 1946 پاڵەوانێتییەکە ساز بکات.

کاریگەریی جەنگ و سیاسەت لەسەر مۆندیالی 2026

لە سەرەتای دروستبوونییەوە تاوەکو ئێستا 23 جار مۆندیال ڕێکخراوە. ئەمساڵ وڵاتانی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک میوانداریی پاڵەوانێتییەکە دەکەن، بەڵام ململانێ سیاسییەکان جارێکی دیکە کاریگەرییان لەسەر وەرزش دروست کردووە؛ بەهۆی جەنگی ئۆکرانیاوە ڕووسیا لە بەشداریکردن بێبەش کراوە و هەڵبژاردەی ئێرانیش ڕووبەڕووی گرفتی وەرگرتنی ڤیزا بووەتەوە.

مێژووی مۆندیال:

1928: فیفا بڕیاری دامەزراندنی مۆندیالی دا.

1930: یەکەم پاڵەوانێتی لە ئۆرۆگوای بەڕێوەچوو.

1942 و 1946: بەهۆی جەنگی جیهانیی دووەمەوە مۆندیال نەکرا.

2026: ڕووسیا بەهۆی جەنگی ئۆکرانیاوە دوورخرایەوە.

بەهزاد ئەحمەد

3 کاتژمێر پێش ئێستا