گوندی عەسکەر؛ ئەو شوێنەی تێیدا دایکان دەبنەوە بە قوتابی کچەکانیان
ناسک عومەر، ژنێکی ڕزگاربووی ئەنفالە و لە گوندی عەسکەر نیشتەجێیە؛ ئەو دوای 3 مانگ لە تەرخانکردنی ماڵەکەی بۆ فێربوونی خوێندەواری، توانی بە هاوکاری کچەکەی کە مامۆستای بوو، بەسەر نەخوێندەواریدا زاڵ بێت و خەونی فێربوونی خوێندن و نووسین بەدیبهێنێت.
تێکشکاندنی نەخوێندەواری لە ناو دڵی خەمەکاندا
ناسک عومەر، کە تەواوی کەسوکارەکەی لە پرۆسەی ئەنفالدا لەدەستداوە، بڕیاریدا ڕێگەی خوێندن بگرێتەبەر بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئازارانەی لە ڕابردوودا چەشتوویەتی. ئەو بۆ ماوەی 3 مانگ دەرگای ماڵەکەی بەڕووی خولێکی فێربووندا کردەوە و لەگەڵ هاوتەمەنەکانی لە گوندی عەسکەر، دەستیان بە خوێندن کرد تاوەکو چیتر وەک کەسانی نەخوێندەوار لە ناوچەکەدا نەمێننەوە.
کچێک دەبێتە مامۆستای دایکی
چیرۆکی ناسک تایبەتمەندییەکی تری هەیە، ئەو کە تەواوی ژیانی بۆ پێگەیاندنی منداڵەکانی تەرخان کردووە، لەم پۆلەدا کچەکەی خۆی بە ناوی ئاسیا ڕەوف، وەک مامۆستا ئەرکی فێرکردنی دایکی و ژنانی تری گوندەکەی گرتە ئەستۆ. ئاسیا ڕەوف ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا فێرخوازەکان هەم لە خوێندنەوە و هەم لە نووسیندا ئاستیان باشە و حەزێکی زۆریان بۆ تەواوکردنی قۆناغەکانی تری خوێندن هەیە.
کۆتاییهاتنی پڕۆژەکە و وەرگرتنی بڕوانامە
ئەم خولەی فێربوون لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی ڕێکخراوی "وادی" ئەڵمانی بوو، کە بە هاوکاری ڕێکخراوی "هاواری گەڵا" بۆ پێگەیاندنی ژنان و منداڵان جێبەجێ کرا. لە کۆتایی پرۆسەکەدا، ناسک و هاوپۆلەکانی توانییان تاقیکردنەوەکان ببڕن و ببنە خاوەنی بڕوانامەی فەرمیی ڕێکخراوەکە، بەوەش کۆتاییان بە سەردەمی نەخوێندەواری لە ژیانیاندا هێنا.
3 کاتژمێر پێش ئێستا