سێ مانگ بێدەنگی و چاوەڕوانی؛ چارەنووسی 8 کۆچبەری کورد لە لیبیا نادیارە

ئارام قەرەداغی 4 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆنفرانسی رۆژنامەوانیی بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان
کۆنفرانسی رۆژنامەوانیی بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان

سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان زانیاریی نوێ لەسەر چارەنووسی کۆچبەرانی کورد لە لیبیا ئاشکرا دەکات؛ لە کاتێکدا باس لە بێسەروشوێنبوونی 8 کۆچبەر دەکات بۆ ماوەی 3 مانگ، هاوكات ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە کە باس لە زیندانیکردنی سەدان گەنجی دیکە دەکەن.

بێسەروشوێنبوونی 8 کۆچبەر بۆ ماوەی 3 مانگ

بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان ڕایگەیاند، لە 15ـی ئازاری ئەمساڵەوە 8 کۆچبەری کورد لە لیبیا بێسەروشوێنن. ئەم کۆچبەرانە بەشێک بوون لە بەلەمێک کە 38 سەرنشینی تێدابووە و لە 14ـی ئازاردا لە کەناراوەکانی لیبیاوە بەرەو ئەوروپا بەڕێکەوتوون. لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا کە 3 مانگ تێپەڕیوە، پەیوەندییان پچڕاوە و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە.

ڕەتکردنەوەی دەنگۆی داواکردنی پارە

سەرۆکی کۆمەڵەکە ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەکی فەرمی نییە بیسەلمێنێت ئەو 8 کۆچبەرە لە زیندانی گرووپە چەکدارەکانی لیبیادابن. هەروەها جەختی کردەوە کە هیچ کام لە کۆچبەرەکان پەیوەندییان بە کەسوکاریانەوە نەکردووە بۆ ئەوەی بڵێن دەستگیرکراون یان داوای پارە لە بەرامبەر ئازادکردنیان دەکرێت.

ڕوونکردنەوە لەسەر هەواڵی دەستگیرکردنی 350 گەنج

بەکر عەلی ئەو ڕاپۆرتە میدیاییانەی ڕەتکردەوە کە باس لە دەستگیرکردنی 350 گەنجی کورد لە لیبیا دەکەن. ناوبراو ڕایگەیاند، ئەو هەواڵانەی دەڵێن گرووپە چەکدارەکان داوای پارە دەکەن بۆ ئازادکردنی ئەو سەدان گەنجە ناڕاستن. ڕوونی کردەوە کە ئەو گەنجانەی پێشتر دەستگیرکرابوون، لە کۆتایی ساڵی ڕابردوو و سەرەتای ئەمساڵدا ئازادکراون و گەڕاونەتەوە ناو کەسوکاریان.

مەترسیدارترین ڕێڕەوی کۆچی نایاسایی

ماوەی چەند ساڵێکە لیبیا بووەتە یەکێک لە ڕێڕەوە سەرەکییەکانی کۆچی نایاسایی بەرەو ئەوروپا. بەهۆی ناسەقامگیریی سیاسی و ئەمنیی وڵاتەکەوە، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێگەی لیبیا و دەریای ناوەڕاست بە "مەترسیدارترین" ڕێڕەوی کۆچی نایاسایی لە جیهاندا ناوزەند دەکات.

ئارام قەرەداغی

4 کاتژمێر پێش ئێستا