ئیسرائیل لە لوبنان: ڕاگرتنی هێرش بەبێ کشانەوە
هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی واژۆکردنی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران، ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ ڕاگرتنی پێشڕەوییە زەمینییەکانی لە خاکی لوبنان دەکات؛ تێل ئەڤیڤ دەیەوێت ئۆپەراسیۆنەکان بوەستێنێت بەڵام جەخت لە مانەوەی هێزەکانی لەو "پشتێنە ئەمنییە" دەکاتەوە کە لە باشووری وڵاتەکە دروستی کردووە.
کاریگەریی ڕێککەوتنی ئەمریکا و ئێران لەسەر شەڕ
بەگوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، سوپای ئەو وڵاتە ئامادەکاری دەکات بۆ ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە لوبنان. ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی تاران جەخت دەکەنەوە ئاگربەست لە لوبنان و سەرجەم بەرەکان، بەشێکی سەرەکییە لە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران. بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە کابینەی ئەمنیی ئیسرائیل کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەم پرسە و بڕیاردان لەسەر هەنگاوەکانی داهاتوو.
پشتێنەی ئەمنی و دانوستانەکانی ئەمریکا
سەرچاوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە کە سوپاکەیان لەو ناوچانە ناکشێتەوە کە بە ناوی "پشتێنەی ئەمنی" دەستی بەسەردا گرتوون. بڕیارە پرسی کشانەوە یان مانەوە لەو ناوچانە، دوای 10 ڕۆژی دیکە لە دانوستانێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ حکومەتی لوبنان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تاوتوێ بکرێت. یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جەختی کردووەتەوە کە مەرجی ئەوان بۆ ڕاگرتنی شەڕ، کۆتاییهێنانە بە هەڕەشەکانی حیزبوڵا بۆ سەر باکووری وڵاتەکەی.
بەردەوامیی گرژییە مەیدانییەکان
سەرەڕای باسکران لە ئاگربەست، گرژییە مەیدانییەکان بەردەوامن. سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل تێکشکاندنی 2 درۆنی لە ناوچەی جەلیل ڕاگەیاند کە لە لوبنانەوە ئاڕاستە کرابوون. لە بەرامبەردا، ئیسرائیل ناوچەی کفرتەبنیتی لە نەبتییە بۆردوومان کرد. هەروەها لە دوێنێ شەممەوە سوپای ئیسرائیل کوشتنی 7 ئەندامی حیزبوڵای لە باشووری لوبنان ڕاگەیاندووە.
هۆشدارییەکانی سەرۆکی لوبنان
جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان هۆشداریی داوە کە وڵاتەکەی لە قۆناغێکی مێژوویی مەترسیداردایە. ناوبراو جەختی لەوە کردووەتەوە کە لوبنان لە نێوان دوو بژاردەدایە؛ یان بونیادنانی دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری کە تێیدا چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت، یان مانەوە بە بارمتەیی لە دەستی گرووپە چەکدارەکاندا.
ئاماری قوربانییەکان و پاشخانی شەڕ
خولی نوێی شەڕی لوبنان لە 2ـی ئازاری ئەمساڵەوە دەستیپێکرد، ئەوەش دوای ئەوەی حیزبوڵا وەک تۆڵەی کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران چەند مووشەکێکی ئاڕاستەی ئیسرائیل کرد. لەو بەروارەوە تاوەکو ئێستا، 3,756 کەس لە لوبنان کوژراون و سوپای ئیسرائیل ناوچەیەکی بەرفراوانی لە باشووری ئەو وڵاتە کۆنتڕۆڵ کردووە.
4 کاتژمێر پێش ئێستا