نەخشەی نوێی ڕێگاوبانەکانی هەرێم؛ 4 تریلیۆن دینار لە 227 پرۆژەدا خەرج دەکرێت
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان پلانێکی بەرفراوان بۆ گەشەپێدانی ژێرخانی ڕێگاوبانەکان جێبەجێ دەکات؛ لە ئێستادا چەندین پڕۆژەی ستراتیجی کە بودجەکەیان چوار تریلیۆن دینار تێدەپەڕێنێت لە کارکردندان و زیاتر لە 3 هەزار کیلۆمەتر ڕێگاش دروستکراون یان نۆژەنکراونەتەوە.
قەبارەی پڕۆژەکان و بودجەی تەرخانکراو
ئاگرین عەبدوڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ڕایگەیاند، لە ئێستادا 227 پڕۆژەی ستراتیجیی ڕێگاوبان لە قۆناغی جێبەجێکردندان کە کۆی گوژمەکەیان دەگاتە 4 تریلیۆن و 179 ملیار دینار و لەسەر بودجەی وەبەرهێنان جێبەجێ دەکرێن. گرنگترین پڕۆژەکان بریتین لە دووسایدی کۆڕێ – شەقڵاوە – قەندیل بە گوژمەی 97 ملیار و 375 ملیۆن دینار کە 50%ـی کارەکانی تەواو بووە، هەروەها دووسایدی کۆیە – هەولێر بە گوژمەی 683 ملیار دینار کە 40%ـی کارەکانی ئەنجامدراوە.
پڕۆژە ستراتیجییەکانی کەلار، دەربەندیخان و ڕاپەڕین
بەشێکی دیکەی پڕۆژەکان لەسەر پێشنیازی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران جێبەجێ دەکرێن، لەوانە پڕۆژەی کەلار – دەربەندیخان تاوەکو تونێلە کۆنەکە کە بە گوژمەی 591 ملیار و 860 ملیۆن دینار کارەکانی بەردەوامە و 30%ـی تەواو بووە. هەروەها پڕۆژەی دووسایدی دووکان – چوارقوڕنە کە قۆناغەکانی 1 و 2 و 3ـی پێکەوە لکێندراوە، بە گوژمەی 260 ملیار و 699 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت و تاوەکو ئێستا 16%ـی کارەکانی تەواو کراوە.
سەرچاوەکانی دابینکردنی بودجە و داهاتی وێستگەکانی کێش
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بودجەی پڕۆژەکان لە سێ سەرچاوەی سەرەکییەوە دابین دەکات، کە بریتین لە بودجەی وەبەرهێنان بۆ پڕۆژە گەورەکان، بودجەی ئاسایی وەزارەت و تەرخانکردنی 30%ـی داهاتی وێستگەکانی کێش. لە ئێستادا لە 40 شوێنی جیاواز وێستگەی کێش بۆ بارهەڵگرەکان دانراوە، کە ساڵانە زیاتر لە 5 ملیار دینار داهاتیان هەیە و بۆ نۆژەنکردنەوەی ڕێگاکان بەکاردەهێنرێت.
ئاماری گشتیی ڕێگاوبانەکان لە نێوان ساڵانی 2019 بۆ 2026
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئاشکرای کرد، لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا 810 پڕۆژەی جۆراوجۆری ڕێگاوبان ئەنجامدراون. تەنیا 100 پڕۆژەیان لەسەر بودجەی وەبەرهێنان بووە و ئەوانی دیکە لەسەر بودجەی ئاسایی و داهاتی وێستگەکان بووە، کە کۆی تێچووەکەیان 1 تریلیۆن و 57 ملیار دینار بووە. بەپێی ئامارەکان، لەو ماوەیەدا 3 هەزار و 55 کیلۆمەتر ڕێگای نوێ دروستکراوە یان ڕێگا کۆنەکان نۆژەنکراونەتەوە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا