شانۆییەکی کوردی چوار خەڵاتی نێودەوڵەتی بەدەست هێنا
گرووپی شانۆی هەوار، سەر بە شانۆی نەتەوەیی کورد، توانی چوار خەڵاتی سەرەکیی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شەوانی ئوفیری شانۆی دیۆدراما لە شاری عومان بەدەست بهێنێت.
نوێنەری هەرێمی کوردستان و عێراق بوون
گرووپەکە بە نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان و عێراق، بە بەرهەمی دیۆدرامای "سەلمە" لە فێستیڤاڵەکەدا بەشداری کرد؛ کە لە شاری سەڵاڵەی عومان بەڕێوە چوو و زیاتر لە 63 نمایش لە جیهانی عەرەبی و وڵاتانی جیاواز پێشکەش کران.

باس لە ئەنفال دەکات
دیۆدرامای "سەلمە" کە باس لە ئازارەکانی ئەنفال، کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و کۆچی زۆرەملێی خەڵکی کوردستان و عێراق دەکات، توانی لە کۆی شەش خەڵاتی سەرەکی فێستیڤاڵەکە، چوار خەڵات بباتەوە.
خەڵاتەکان بریتی بوون لە:
• خەڵاتی باشترین نمایشی تەواو
• خەڵاتی باشترین دەرهێنەر بۆ نەژاد نەجم
• خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچ بۆ هەوار فارس و ئۆغێرلی ئەمپێرتی فەڕەنسی

ڕێز لە هەڵکەوت عەزیز گیرا
گرووپی شانۆی هەوار، لە هەنگاوێکی مرۆڤانەدا نمایشی "سەلمە"ی پێشکەش بە ڕۆحی هونەرمەند و ڕۆژنامەوانی کورد، هەڵکەوت عەزیز کرد، ئەندامانی گرووپ و ئامادەبووان خولەکێک بێدەنگییان بۆ ڕێزلێنان لە یادی کۆچکردوو ڕاگرت.
دەستەی شانۆییەکە کێن؟
ئەم بەرهەمە بە پاڵپشتی فیدراسیۆنی جیهانی کورد ئەنجامدراوە و دەستەی کارەکە پێکدێت لە د. دڵشاد مستەفا وەک نووسەر، نەژاد نەجم وەک دەرهێنەر و سینۆگراف، هەوار فارس و ئۆغێرلی ئەمپێرت وەک ئەکتەر، دکتۆر منتهی طارق وەک بەڕێوەبەری گرووپ، بەرهەم یاسین وەک یاریدەدەری دەرهێنەر و عەلی ئاراس وەک بەڕێوەبەری بەرهەم و ڕاگەیاندن.
بردنەوەی ئەم چوار خەڵاتە لە یەکێک لە گرنگترین فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی شانۆ، بە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ شانۆی کوردی و عێراقی دادەنرێت و دووبارە توانای هونەرمەندانی کورد لە ئاستی نێودەوڵەتی دەسەلمێنێتەوە.

3 کاتژمێر پێش ئێستا