کاتێک بەیانیان قاوە دەخۆیتەوە چی لە جەستەتدا ڕوودەدات؟
خواردنەوەی کوپێک قاوە لەسەرەتای ڕۆژدا بەشێکە لە ڕۆتینی بەیانیانی زۆر کەس، ئەمەش هۆکارەکەی بۆ ئەو گۆڕانکارییانە دەگەڕێتەوە کە قاوە بەسەر جەستەدا دەیهێنێت.
کاریگەرییەکانی خواردنەوەی قاوە لە بەیانیاندا
بە خواردنەوەی 113-247 میلیگرام لە کافایین، مێشک چالاکدەکات و یارمەتیدەرێکی باشە بۆئەوەی ڕۆژەکەت بە وزەیەکی زۆر و سەرنجێکی باشەوە دەستپێبکەیت، ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارە سەرەکییانەی وایکردووە بەشێکی زۆری خەڵک بەیانیان قاوە بخۆنەوە.
بڕی 400 ملیگرام کافایین بڕێکی گونجاوە بۆ خواردنەوەی ڕۆژانە و بەم بڕە سوودە تەندروستییەکانی قاوەت دەستدەکەوێت، ئەمەش نزیکەی 4 کوپ لە قاوە دەکات.
خواردنەوەی قاوە یارمەتییت دەدات وەرزش بکەیت
بەهۆی تایبەتمەندییە چالاککەرەکەیەوە، قاوە توانایەکی زیاتر دەدات بە جەستە و وەرزشکردن ئاسانتر دەکات.
لە توێژینەوەیەکی ساڵی 2021ـدا دەرکەوتووە خواردنەوەی قاوە یان ئەو خواردنەوانەی کافایینیان تێدایە لە پێش وەرزشکردن، هۆکارە بۆ بەرگەگرتنی زیاتری ماسولکەکان لەکاتی وەرزشکردندا.
لە توێژینەوەیەکی دیکەی ساڵی 2023ـشدا دەرکەوتووە ئەو کەسانەی تەندروست بوون و ڕۆژانە قاوەیان خواردووەتەوە، زیاتر بە پێ دەڕۆشتن و چالاکتر بوون.
تەندروستیی دڵت باشتر دەبێت
چەندین توێژینەوەی جیاواز دەریانخستووە کە خواردنەوەی کەم-مامناوەندی قاوە هۆکارە بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ، سستبوونی دڵ، نەخۆشیی خوێنبەرەکانی دڵ، جەڵتەی مێشک و ناڕێکیی لێدانی دڵ.
هاوکات دەکرێت مەترسیی تووشبوون بە بەرزەفشاری خوێن و جەڵتەی دڵیش کەم بکاتەوە، هۆکاری ئەمانەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دژەهەوکەر و دژەئۆکسێنانەی لەناو قاوەدا هەن.
دەکرێت یارمەتیی تەمەندرێژی بدات
لە توێژینەوەیەکی ساڵی 2025ـذا دەرکەوتووە کە خواردنەوەی قاوە لە بەیانیاندا مەترسیی مردن بە هەر هۆکارێک کەمدەکاتەوە بەراورد بە خواردنەوەی قاوە لە ئێواراندا.
مەترسیی تووشبوونت بە شەکرە کەمدەکاتەوە
لە توێژینەوەیەکی ساڵی 2024ـدا دەرکەوتووە، خواردنەوەی یەک بۆ چوار کوپ قاوەی ڕۆژانە مەترسیی تووشىوون بە نەخۆشیی شەکرەی جۆری دوو کەمدەکاتەوە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا