پەروەردەی سلێمانی: لە %100 ڕێگریمان لە گزیکردن و دزەپێکردنی پرسیارەکان کردووە
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی دڵنیایی دەداتە قوتابیان و کەسوکاریان کە پرۆسەی تاقیکردنەوە گشتییەکان بە توندی چاودێری دەکرێت؛ بە بەکارهێنانی کامێرای چاودێری و ڕێکاری نوێ، ڕێگری تەواو لە هەر هەوڵێکی گزی یان شڵەژانی ناو هۆڵەکان کراوە.
چاودێریکردنی هۆڵەکان بە کامێرا
نەژاد عەبدوڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی ڕایگەیاند، لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 26,000 خوێندکار بەشداریی تاقیکردنەوە گشتییەکانی قۆناغی 12 دەکەن. بۆ ئەم مەبەستە، لە سەرجەم هۆڵەکانی تاقیکردنەوەدا کامێرای چاودێری جێگیرکراوە تاوەکو پرۆسەکە بە وردی کۆنتڕۆڵ بکرێت.
ڕێگریکردن لە گزی و دزەپێکردنی پرسیار
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی جەختی لەوە کردەوە، پلانەکانیان بە جۆرێکە کە لە 100% ڕێگری لە گزی، قۆپیە، دزەپێکردن و وێنەگرتنی پرسیارەکان دەکات. ئاماژەی بەوەش کرد کە هەموو ڕێکارەکان گیراونەتەبەر بۆ ئەوەی دادپەروەری لە نێوان خوێندکاراندا پارێزراو بێت.
فەراهەمکردنی کەشێکی ئارام بۆ خوێندکاران
سەبارەت بە باری دەروونیی خوێندکاران، نەژاد عەبدوڵا ڕایگەیاند، کەشێکی ئارامیان بۆ هۆڵەکان دروستکردووە. بۆ ئەم مەبەستەش، بڕیاردراوە سەردانیکردنی بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاکان بۆ ناو هۆڵەکانی تاقیکردنەوە قەدەغە بکرێت، تاوەکو خوێندکاران دووچاری شڵەژان و دڵەڕاوکێ نەبن و تەنیا تەرکیزیان لەسەر وەڵامدانەوەی پرسیارەکان بێت.
3 کاتژمێر پێش ئێستا