سبەی فەڕەنسا دەبێتە پایتەختی بڕیارە جیهانییەکان؛ لوتکەی گرووپی حەوت بەڕێوەدەچێت

بەهزاد ئەحمەد 3 کاتژمێر پێش ئێستا
ئامادەکاری پۆلیسی فەڕەنسا بۆ دابینکردنی ئاسایشی لوتکەی جی 7. فۆتۆ: AFP
ئامادەکاری پۆلیسی فەڕەنسا بۆ دابینکردنی ئاسایشی لوتکەی جی 7. فۆتۆ: AFP

بۆ ماوەی 3 ڕۆژ شاری "ئیڤیان لێس بەینز" لە فەڕەنسا میوانداریی 52ـەمین لوتکەی وڵاتانی گرووپی حەوت دەکات؛ لە پاڵ سەرکردە جیهانییەکاندا، بەڕێوەبەرانی باڵای کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیا ئامادەن بۆ بڕیاردان لەسەر یاسایەکی نێودەوڵەتی بۆ ژیریی دەستکرد.

دەستپێکردنی لوتکە و وڵاتانی بەشداربوو

ڕۆژانی 15 بۆ 17ـی حوزەیرانی 2026، 52ـەمین لوتکەی گرووپی حەوت (G7) لە شاری ئیڤیان لێس بەینزی فەڕەنسا بەڕێوەدەچێت. لە لوتکەکەدا هەریەکە لە سەرکردەکانی (فەڕەنسا، ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، ژاپۆن، ئیتاڵیا و کەنەدا) لەگەڵ نوێنەرانی یەکێتیی ئەورووپا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەشدار دەبن.

بانگهێشتکردنی وڵاتانی هاوبەش و زەبەلاحەکانی تەکنەلۆجیا

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا جگە لە ئەندامە سەرەکییەکان، بانگهێشتی سەرکردەکانی (هیندستان، بەرازیل، کینیا، ئۆکرانیا، کۆریای باشوور، میسڕ، ئیمارات، سعودیە و قەتەڕ)ی کردووە بۆ ئامادەبوون لە کۆبوونەوەکاندا. هاوکات سام ئاڵتمان، بەڕێوەبەری کۆمپانیای OpenAI و داریۆ ئامۆدی، لە کۆمپانیای ئەنسرۆپیک بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسە تەکنەلۆجییەکان ئامادەی لوتکەکە دەبن.

قەیرانە سیاسییەکان و پرسی ئاسایشی جیهانی

لوتکەکە سەرنجی سەرەکی دەخاتە سەر قەیرانە سیاسییە جیهانییەکان، بەتایبەتی پرسی ئاشتی لە ئۆکرانیا و ئاڵۆزییەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. سەرکردەکان دەیانەوێت لە ڕێگەی هەماهەنگیی نوێوە ڕێگری لە تەشەنەسەندنی زیاتری جەنگەکان بگرن و بنەمایەک بۆ ئاسایشی نێودەوڵەتی دابڕێژن.

ئابووری و ململانێ لەگەڵ پیشەسازیی چین

ناهاوسەنگیی بازرگانیی جیهانی و زیادبوونى توانای پیشەسازییەکانی وڵاتی چین یەکێکی دیکە دەبێت لە تەوەرە سەرەکییەکان. هەروەها سەرکردەکان گفتوگۆ لەسەر پرسی دەستەبەرکردنی کانزا دەگمەنەکان دەکەن کە بۆ پیشەسازییەکانی داهاتوو بایەخێکی ستراتیجییان هەیە و دەیانەوێت زنجیرەکانی دابینکردن لە شۆکە ئابوورییەکان بپارێزن.

ڕێکخستنی ژیریی دەستکرد و پاراستنی منداڵان

لە بواری تەکنەلۆجیادا، لوتکەکە کار لەسەر داڕشتنی یاسایەکی نێودەوڵەتی بۆ ڕێکخستنەوەی ژیریی دەستکرد (AI) دەکات. هەروەها پرسی پاراستنی منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی لە مەترسییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئینتەرنێت تاوتوێ دەکرێت، تاوەکو یاسایەکی گشتگیر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ جیهانی دیجیتاڵی دابنرێت.

ئاڵنگارییەکانی جیهان و ئامانجەکانی لوتکە

ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە جیهان لە ناو شۆکێکی ئابووری و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکاندایە. گرووپی حەوت ئامانجیانە لە ڕێگەی ئەم لوتکەیەوە هاوبەشییە بازرگانییە ستراتیجییەکان بەهێز بکەنەوە و بەها بدەنەوە بە یاسا نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە ناسەقامگیرییەکی سیاسی و ئابووریی زیاتر.

بەهزاد ئەحمەد

3 کاتژمێر پێش ئێستا