بۆ یەکلاییکردنەوەی دوایین وردەکارییەکان؛ شاندێکی قەتەڕی گەیشتە تاران
شاندێکی باڵای قەتەڕی بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی ڕێککەوتنی کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران گەیشتە تاران؛ هاوکات دۆناڵد ترەمپ و سەرۆکوەزیرانی پاکستان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەمڕۆ پرۆسەکە بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی کۆتایی دێت و گەرووی هورمز دەکرێتەوە.
گەیشتنی شاندی نێوەندگیر بۆ تاران
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە شاندێکی دانوستانکاری وڵاتی قەتەڕ گەیشتووەتە تاران. بەپێی ئاژانسی "ئیسنا"ی ئێرانی، شاندەکە بە سەرۆکایەتیی ڕاوێژکارێکی وەزیری دەرەوەی قەتەڕە و ئامانجی سەرەکییان گفتوگۆکردنە لەسەر کۆتا قۆناغەکانی ڕێککەوتنی ئاشتی لە نێوان تاران و واشنتن و یەکلاکردنەوەی وردەکارییە تەکنیکییەکان.
واژۆکردنی ئەلیکترۆنی و ڕێگری لە ئاڵۆزی
ڕاپۆرتێکی کەناڵی "سی ئێن ئێن" ئاماژە بەوە دەکات، بڕیاردراوە ڕێککەوتنەکە بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی واژۆ بکرێت، ئەمەش بۆ ڕێگریگرتنە لە هەر گرژی و ئاڵۆزییەک کە ئەگەری هەیە لە کۆتا ساتەکاندا لە نێوان هەردوو وڵات سەرهەڵبدات. ئەم سەردانەی شاندەکە دوای ئەوە دێت کە چوارشەممەی ڕابردووش لە تاران بوون، بەڵام بەشێک لە میدیا ئێرانییەکان باسیان لەوە کردبوو کە ئەو کات شاندەکە بەبێ ئەنجام گەڕاونەتەوە.
پێشبینییەکانی ئەمریکا و پاکستان
شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە نوێترین پەیامیدا ڕایگەیاند، لایەنەکان لە هەر کاتێک زیاتر لە ڕێککەوتن نزیکن و پێشبینی دەکرێت لە 24 کاتژمێری داهاتوودا پرۆسەکە کۆتایی بێت. هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس" بڵاویکردەوە کە ڕێککەوتنەکە هەر ئەمڕۆ یەکشەممە واژۆ دەکرێت و یەکێک لە ئەنجامە دەستبەجێیەکانیش کردنەوەی تەواوەتیی گەرووی هورمز دەبێت.
بێدەنگیی تاران و کاتی واژۆکردن
سەرەڕای گەشبینییەکانی ئەمریکا و پاکستان بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە لەمڕۆدا، بەرپرسانی تاران تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمییان لەسەر بەروار و کاتی وردی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە بڵاونەکردووەتەوە و تەنیا جەخت لەسەر بەردەوامیی دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی دەکەنەوە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا