پەرلەمانتارێکی ئێران: دەبێت عێراقچی وەتسئەپەکەی دابخات و کۆتایی بەو پەیوەندییە بهێنێت

سامیا حەسەن 3 کاتژمێر پێش ئێستا
عەلی خزریان، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران
عەلی خزریان، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران

پەرلەمانتارێکی ئێرانی نیگەرانیی خۆی لە شێوازی پەیوەندییەکانی نێوان وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی و سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئەمریکا دەردەبڕێت؛ هاوکات هێرش دەکاتە سەر دۆناڵد ترەمپ و دەڵێت "ئەمریکییەکان نامە و پەیوەندییەکانی عێراقچی وەک بیانوو بەکاردەهێنن".

نامەگۆڕینەوە لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنەکانەوە

عەلی خزریان، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، پێویستە ئەو پەیوەندییەی کە لە نێوان عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە و ستیف ویتکۆڤ، سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئەمریکا لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی "وەتسئەپ"ـەوە هەیە، بە تەواوی نەمێنێت. ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمریکییەکان ئەو جۆرە پەیوەندییانە وەکو بیانوویەک بۆ فشار خستنە سەر تاران بەکاردەهێنن.

تۆمەتبارکردنی ترەمپ بە درۆکردن

عەلی خزریان لە لێدوانەکانیدا ڕەخنەی توندی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گرت و بە "درۆزن" ناوی برد. ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، ترەمپ لە بارەی ئێرانەوە 2 درۆی گەورەی کردووە؛ یەکەمیان سەبارەت بە پرسی گەرووی هورمز بووە کە تەنانەت لە لایەن کۆشکی سپی خۆیەوە بە درۆ خراوەتەوە، دووەمیشیان لە بارەی ڕاگرتنی جەنگ بووە کە ئێران بە فەرمی ئەو زانیارییانەی ڕەتکردووەتەوە.

ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکانی ئێران

ئەم لێدوانانەی پەرلەمانتارەکەی ئێران لە کاتێکدایە کە هەوڵەکانی نزیکبوونەوە لە نێوان تاران و واشنتن بووەتە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی ناڕەزایەتی لە ناوخۆی ئەو وڵاتە. دوای ئەوەی ترەمپ ستایشی دوایین تویتی عێراقچی کرد، بەشێک لە لایەنگرانی ڕەوتی توندڕەو و نزیک لە سوپای پاسداران، دەنگی ناڕەزایەتییان دژی وەزیری دەرەوە و محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان بەرزکردووەتەوە.

خۆپێشاندان و دروشم دژی وەزیری دەرەوە

شەوی ڕابردوو دەیان کەس لە بەردەم بینای وەزارەتی دەرەوەی ئێران گردبوونەوە و دژی هەوڵەکانی ڕێککەوتن دروشمیان گوتەوە. بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراونەتەوە، خۆپێشاندەران بە گوتنی دروشمی "مردن بۆ عێراقچی خیانەتکار"، داوای دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری دەرەوە و سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتەکەیان کرد، ئەمەش گوزارشتە لەو ململانێیە سیاسییەی لە ناوخۆی تاران لەسەر پرسی ڕێککەوتن لەگەڵ واشنتن دروست بووە.

سامیا حەسەن

3 کاتژمێر پێش ئێستا