شاندێکی سەربازیی بەغداد لە هەولێرە؛ کێڵگە نەوتییەکان چۆن دەپارێزرێن؟

ئارام قەرەداغی 2 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەریق یەکەم روکن عەبدولئەمیر یارەڵا، سوپاسالاری عێراق لە هەولێر
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەریق یەکەم روکن عەبدولئەمیر یارەڵا، سوپاسالاری عێراق لە هەولێر

بەمەبەستی پێدانی گەرەنتی ئەمنی بە کۆمپانیا بیانییەکان و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، شاندێکی باڵای سەربازیی بەغداد گەیشتە هەولێر؛ سوپاسالاری عێراق و سەرۆکی هەرێم لەسەر شێوازی پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان کۆدەبنەوە.

سەردانی سوپاسالاری عێراق بۆ هەولێر

شاندێکی سەربازیی عێراق بە سەرۆکایەتیی فەریق یەکەم روکن عەبدولئەمیر یارەڵا، سوپاسالاری عێراق، گەیشتە هەولێر. شاندەکە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە کۆبوونەوە. وەزارەتی بەرگریی عێراق ڕایگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا چەند بابەتێکی گرنگ و هاوبەشی سەربازی و ئەمنی لە نێوان هەولێر و بەغداد گەنگەشە کراون.

پلانی پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان

بەپێی زانیارییەکانی کەناڵ 8، تەوەری سەرەکیی سەردانەکەی یارەڵا بریتییە لە چۆنییەتی پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان. ئەم بابەتە دوای ئەوە دێت کە لە دوایین کۆبوونەوەی نێوان شاندی هەرێم و عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێشنیاز کرابوو سوپای عێراق ئەرکی پاراستنی کێڵگەکان بگرێتە ئەستۆ، بەڵام لەو کاتەدا هەرێمی کوردستان ئەو پێشنیازەی ڕەتکردبووەوە.

گەرەنتی ئەمنی بۆ کۆمپانیا بیانییەکان

دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و دەستپێکردنەوەی هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، کۆمپانیا بیانییە نەوتییەکان بەرهەمهێنانی نەوتیان ڕاگرتووە. لە ئێستادا ئەو کۆمپانیایانە داوای گەرەنتی ئەمنیی جیدی دەکەن بۆ ئەوەی دووبارە دەست بە کارەکانیان بکەنەوە و پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە.

ئارام قەرەداغی

2 کاتژمێر پێش ئێستا