فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران ڕەخنە لە فیفا دەگرێت

مەستان حوسامەدین 4 کاتژمێر پێش ئێستا

سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران رەخنە لە بڕیار و هەنگاوەکانى یەکێتى تۆپى پێى جیهانى فیفا دەگرێت و دەڵێت،"تاوەکو ئێستا زۆرێک لە کێشەکانیان چارەسەرنەکراون و ئەمریکاش پابەندى پڕۆتۆکۆڵەکان نەبووە."

فیفا مەرجەکانی جێبەجێ نەکردووە

مەهدى تاج، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران کە ئێستا هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لە مەکسیکە ڕایگەیاند، ئەو مەرجانەی کە پێشتر بۆ فیفایان ناردووە بۆ بەشداری لە مۆندیال، بەشێکى زۆریان جێبەجێ نەکراوە.

تاج لە بارەی ڕێکەوتنی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا ڕایگەیاند، پێشوازی لە هەر بڕیارێک دەکەین، ئاسایش و ئارامی بۆ ئێران دەستەبەر بکات بکات و گوتیشی، ئێستا هەموو یاریزانەکانمان سەرنجیان لەسەر یارییەکانە و ئێمە نامانەوێت ئەم بابەتانە کاریگەرى لەسەر دۆخى دەروونى یاریزانەکان دروستبکات.

هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران لە وڵاتى مەکسیک دەمێننەوە لەوکاتانەى کە یارییان هەیە سەردانى ئەمریکا دەکەن و دواى یارییەکانیش ڕاستەوخۆ دەگەڕێنەوە بۆ شوێنى مانەوەیان لە مەکسیک.
یەکەم یارى ئێرانیش بڕیارە لە 16ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت کە ڕووبەڕووى نیوزلەندا دەبنەوە.

بە 10 مەرج بەشداریی دەکەین

پێشتر مەهدی تاج، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران ڕاگەیاندبوو، هەڵبژاردەکەیان بە 10 مەرج بەشداری لە جامی جیهانی دەکات،یەکێک لە مەرجەکانیشیان ئەوەیە ئەمریکا ڤیزا بە هەموو ئەندامانی تیمی هەڵبژاردەکەیان بدات بەوانەشەوە کە لە هێزەکانى سوپاى پاسداران خزمەتیان کردووە.

یەکێکى دیکە لە داواکارییەکانى تیمى ئێران ئەوەبوو، کە لەکاتى بەڕێوەچوونى یارییەکانیان، تەنیا رێگە بە ئاڵاى وڵاتەکەیان بدرێت بهێندرێتە ناو یاریگا، هەروەها بەبێ هیچ سانسۆرێک سرودى نیشتمانى وڵاتەکەشیان لە یاریگا پەخش بکرێت.

مەستان حوسامەدین

4 کاتژمێر پێش ئێستا