مەسرور بارزانی و سوپاسالاری عێراق پرسی پاراستنی کۆمپانیا نەوتییەکان تاوتوێ دەکەن
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عەبدولئەمیر یارەڵڵا، سوپاسالاری عێراق کرد؛ کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە ڕێگریکردن لەو هەڕەشانەی دەکرێنە سەر کۆمپانیا نەوتییەکان و بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق.
ئامانجی سەردانەکەی سوپاسالاری عێراق
ئەمڕۆ یەکشەممە 14ـی حوزەیرانی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی سەربازیی عێراقی فیدراڵ بەسەرۆکایەتی عەبدولئەمیر یارەڵڵا، سوپاسالاری سوپای عێراق کرد. لە کۆبوونەوەکەدا، سوپاسالاری عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە سەردانەکەیان لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵە بۆ بەدواداچوونی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و بە تایبەتی کۆتاییهێنان بەو هەڕەشانەی دەکرێنە سەر کۆمپانیا نەوتییەکان.
پێویستیی هاوئاهەنگیی پێشمەرگە و سوپای عێراق
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانیی خۆی بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامیی هەرێم نیشاندا و سوپاسی بەدواداچوونەکانی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵی کرد. مەسرور بارزانی جەختی لە گرنگیی بەهێزترکردنی هاوئاهەنگیی و هاریکاریی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەو ئاڵنگارییە ئەمنی و سەربازییانەی دێنە پێشەوە.
4 کاتژمێر پێش ئێستا