کارگەی کولتووری سلێمانی؛ ئەو شوێنەی خەونی گەنجان دەکاتە پڕۆژەی ئابووری
کارگەی کولتووریی سلێمانی وەک ناوەندێکی نوێی ئابووری، کار بۆ گۆڕینی دیدگای گەنجان دەکات لە چاوەڕوانیکردنی مووچەی حکومییەوە بۆ بوون بە خاوەنکاری سەربەخۆ؛ ئێستا 70 پڕۆژەی جیاواز لەناو کارگەکەدا جێگیر کراون و بەرهەمە خۆماڵییەکان ساغ دەکەنەوە.
دابینکردنی شوێن و هاندانی گەنجان بۆ خۆبژێوی
خەبات مەعروف، سەرپەرشتیاری کارگەی کولتووریی سلێمانی ڕایگەیاند، کارگەکە بووەتە ناوەندێکی گرنگی ئابووری بۆ شارەکە و 70 شوێنی تایبەتیان بۆ پڕۆژە بچووکەکانی گەنجان دابین کردووە. ئامانجی سەرەکیی ئەم هەنگاوە ئەوەیە گەنجان لە هەموو بوارەکاندا داهێنان بکەن و چیتر تەنیا چاوەڕێی مووچەی حکومەت نەبن، بەڵکو لە ڕێگەی پڕۆژەی تایبەتەوە بژێوی خۆیان دابین بکەن.
ماڵی داهێنان و پاڵپشتییە نێودەوڵەتییەکان
سەرپەرشتیاری کارگەی کولتووری ئاماژەی بەوە کرد، لە ناو کارگەکەدا "ماڵی داهێنان"یان هەیە و چەندین خولی جیاواز بەبێ بەرامبەر بۆ گەنجان و منداڵان دەکرێنەوە. ڕێکخراوەکانی وڵاتی ئەڵمانیا پاڵپشتیی دارایی بۆ خولەکان دابین دەکەن. ناوەندەکە هیچ بودجەیەکی لە حکومەت وەرنەگرتووە و بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی گەنجان پشت بە هاوکاریی کەسانی دەوڵەمەند و خێرخواز دەبەستن.
خستنەڕووی بەرهەمە خۆماڵییەکان بەبێ ماددەی کیمیایی
سەفین محەممەد، سەرپەرشتیاری بەرهەمە خۆماڵییەکان لە کارگەی کولتووری ڕایگەیاند، هەموو مانگێک بەرهەمە خۆماڵییەکان لەناو کارگەکەدا نمایش دەکرێن. لە ئێستادا 15 کەس سەرقاڵی ئامادەکردنی بەرهەمە خۆراکی، کشتوکاڵی و شیرەمەنییەکانن، کە سەرجەمیان بە شێوەیەکی سروشتی بەرهەم دەهێنرێن و هیچ ماددەیەکی کیمیاییان لە پێکهاتەدا بەکارناهێندرێت.
3 کاتژمێر پێش ئێستا