نزار ئامێدی لەگەڵ شاندی گۆڕان: پێویستە هەوڵە نیشتمانییەکان بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان یەکبخرێن
سەرۆککۆماری عێراق لە کۆشکی سەلام پێشوازی لە شاندێکی بزووتنەوەی گۆڕان کرد و جەختی لە گرنگیی یەکخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان کردەوە.
گفتوگۆ بۆ ئاڵنگارییە سیاسی و ئابوورییەکان
ئەمڕۆ یەکشەممە 14-6-2026، نزار ئامێدی، سەرۆککۆماری عێراق پێشوازی لە شاندێکی بزووتنەوەی گۆڕان بە سەرۆکایەتیی دانا ئەحمەد مەجید کرد. لە دیدارەکەدا دوایین پێشهاتە سیاسی و ئابوورییەکانی عێراق تاوتوێ کران و سەرۆککۆمار جەختی لە پێویستیی یەکخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی کە ڕووی لە وڵاتە و بەدیهێنانی داواکارییەکانی هاووڵاتییان بۆ ئارامی و خۆشگوزەرانی.
پەیوەندیی هەولێر و بەغداد
سەرۆککۆمار بە پێویستی دەزانێت هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکرێت. جەختیشیکردەوە کە چارەسەرکردنی کێشەکان تەنها لە ڕێگەی "دیالۆگی بنیاتنەر" و پابەندبوون بە دەستوورەوە دەبێت، بەجۆرێک مافەکانی هەمووان پارێزراو بێت و بەرژەوەندیی باڵای نیشتمان لەسەرووی هەموو شتێکەوە بێت.
تەواوکردنی کابینەی حکومەت
نزار ئامێدی گرنگیی تەواوکردنی کابینەی حکومەتی بە پێویست زانی، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی توانای کاری حکومەت و جێبەجێکردنی ئەو بەرنامە و پلانانەی کە دەبنە مایەی باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و سەقامگیریی زیاتری سیاسی و ئابووری.
هەڵوێستی بزووتنەوەی گۆڕان
شاندی بزووتنەوەی گۆڕان لە بەرامبەردا، پێزانینی خۆیان بۆ ڕۆڵی سەرۆککۆمار لە نزیککردنەوەی بۆچوونەکان و پشتیوانیکردنی دیالۆگی نێوان هێزە سیاسییەکان دەربڕی. هەروەها جەختیان لەسەر خواستی بزووتنەوەکەیان کردەوە بۆ بەشداریکردن لە هەر کارێک کە خزمەت بە یەکگرتوویی و سەقامگیریی عێراق بکات.
3 کاتژمێر پێش ئێستا