فالح فەیاز: حەشدى شەعبى بە 250 هەزار شەڕکەرەوە دەمێنێتەوە و لە ژێر فەرماندەیى هێزەچەکدارەکاندا دەبێت

ئارام قەرەداغی 2 کاتژمێر پێش ئێستا
فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی دامەزراندنی حەشدی شەعبی لە بەغداد
فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی دامەزراندنی حەشدی شەعبی لە بەغداد

فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی ڕایگەیاند کە عێراق چووەتە ناو قۆناغێکی نوێوە و هێزەکانی حەشدیش ئامادەن لەژێر فەرماندەیی هێزە چەکدارەکاندا کار بکەن بۆ سەرخستنی ئەم قۆناغە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، کە ژمارەی هێزەکانیان گەیشتووەتە 250 هەزار شەڕکەر و سەرقاڵی خۆڕێکخستنەوەن بۆ پارێزگاریکردن لە دەوڵەت و سەقامگیریی وڵات.

ڕاگەیاندنی قۆناغێکی نوێ لە عێراق

فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی دامەزراندنی حەشدی شەعبی لە بەغداد ڕایگەیاند، قۆناغێکی نوێ لە عێراق دەستیپێکردووە، حەشد هاوکاری حکومەت دەبێت بۆ سەرخستنی قۆناغەکە و ئامادەی کارکردنن لەژێر فەرماندەیی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق.

ژمارەی شەڕکەرانی حەشد و خۆڕێکخستنەوەیان

سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی گوتیشی "ئێستا حەشدی شەعبی 250 هەزار شەڕکەری هەیە، دەیانەوێت خۆیان ڕێکبخەنەوە و وەک هەمیشە هێزێکی پارێزەر دەبن لە دەوڵەتی عێراق".

پلانە نوێیەکان لە پاش ململانێکانی ناوچەکە

فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی باسی ئەوەشیکرد، لە حکومەتی برام عەلی زەیدی، لانێکی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتە دانراوە، پلانەکەش پاش ئەو ململانێ و ناسەقامگیرییانە دێت، کە لە ناوچەکە هاتە ئاراوە وەک ئەو تاوانانەی ئیسرائیل بەرامبەر فەڵەستین و لوبنان کردیان، لە لایەکی دیکەوە هێرشی ناڕەوای ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران".

پشتیوانیکردنی دەوڵەتی دامەزراوەیی و یاسا

سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی ئاماژەی بەوەشکرد، "عێراق دەیەوێت جارێکی دیکە پلانی نوێی سەقامگیریی خۆی پەرەپێبدات، لە ڕێگەی پەرەپێدان و چاکسازیی ئابووری و چاکسازیی کۆمەڵایەتی، هەڵوێستی حەشدی شەعبی، پشتیوانیی حکومەت و سەقامگیرییە، پشتیوانیی جێبەجێکردنی دەستوور و یاساکانە، برایان بوونی حەشدی شەعبی بۆ لەناوبردنی دەوڵەتی گەندەڵ و پشتیوانیی دەوڵەتی دامەزراوەییە، دەوڵەتێک باوەڕی بە فرەیی هەبێت و لایەنەکان ڕێز لە یەکدی بگرن، پشتیوان بە خودا حەشدی شەعبی دەمێنێتەوە وەک هێزێک کە پارێزگاری لە سەقامگیری دەکات".

پاراستنی دەوڵەت لەژێر فەرماندەیی گشتیدا

فالح فەیاز ئەوەشی گوت، "حەشدی شەعبی لە ژێر ئاگر و گولـلەباران دامەزرا، ئێستا ژمارەیان دەگاتە 250 هەزار شەڕکەر، ئێستا حەشدی شەعبی دەیەوێت خۆی ڕێکبخاتەوە وەک هەمیشە هێزێکی پارێزەر لە دەوڵەتی عێراق و لەژێر فەرماندەیی هێزە چەکدارەکان دەبێت".

ئارام قەرەداغی

2 کاتژمێر پێش ئێستا