شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ دۆسییەکانی ئەسیکۆدا و داهاتى نانەوتى و هەناردەى نەوت سەردانی بەغداد دەکات
بڕیارە ڕۆژی سێشەممە (16/6/2026) شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی تاوتوێکردنی چەند پرسێکی دارایی و نەوتی سەردانی بەغداد بكات. بەپێی زانیارییەکان، دانوستانەکان لە ڕۆژی چوارشەممەوە دەستپێدەکەن و سەرنجی سەرەکی لەسەر جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا، دابەزینی داهاتی نانەوتیی هەرێم، و دابینکردنی گەرەنتی ئەمنی بۆ کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان دەبێت.
سەردانی شاندی باڵای هەرێم بۆ بەغداد
بڕیارە شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان سێشەممە (16/6/2026) سەردانی بەغداد بکات و چەند پرسێکی گرنگ و جێی ناکۆک لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ تاوتوێ بکات.
پێکهاتەی شاندەکەی هەرێم
کەناڵ8، لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە زانیاری ئەوەی دەستکەوتووە پێکهاتەی شاندەکە بەمجۆرە دەبێت؛ وەزیرانی دارایی و سامانە سروشتییەکان، سەرۆکی دیوان و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ.
تەوەرە سەرەکەیییەکانی گفتوگۆکان
هەر بەگوێرەی زانیارییەکان چوارشەممە دانوستانەکان دەستپێدەکەن و لەبارەی سێ پرسی سەرەکی گفتوگۆ دەکرێت، ئەوانیش "جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا، داهاتی نانەوتی و پشکی خەزێنەی فیدراڵی لەو داهاتە، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی داواکاریی کۆمپانیا نەوتییەکان".
لێکتێگەیشتنەکانی پێشوو لەسەر سیستمی ئەسیکۆدا
لە گفتوگۆکانی ڕابردووی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، لەبارەی سیستمی ئەسیکۆدا لێکتێگەیشتنیان کردووە، کە یاساکانی هەرێمی کوردستان لە دەروازە سنوورییەکان تایبەت بە گومرگی کاڵا و پێداویستییەکان لەبەرچاو بگیرێن، لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانیشدا جارێکی دیکە داوای پابەندبوونی بە لێکتێگەیشتنەکە کرابووەوە.
کێشەی داهاتی نانەوتی و داواکارییەکانی بەغداد
لەبارەی داهاتی نانەوتی، حکومەتی فیدراڵ ڕژدە لەسەر ڕادەستکردنی 120 ملیار دینار، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت ئەم بڕە کەمبکاتەوە، چونکە دەڵێت بەهۆی دۆخی جەنگ و سیستمی ئەسیکۆداوە 70%ی داهاتەکەی کەمبووەتەوە.
دۆخی بەرهەمهێنانی نەوت و داواکاریی کۆمپانیا بیانییەکان
هەناردە و بەرهەمهێنانی نەوت بۆ 75 هەزار بەرمیل دابەزیوە کە نزیکەی 55 هەزار بەرمیلی بۆ ناوخۆ و ئەوی دیکەی هەناردە دەکرێت، کۆمپانیا بیانییەکان بۆ کارکردنەوە داوای گەرەنتی ئەمنییان لە هەولێر و بەغداد کردووە.
4 کاتژمێر پێش ئێستا