چیدی بۆ دەرهێنانی کارتی نیشتمانی پێویست بە هەولێر ناکات و مامەڵەکان ڕاستەوخۆ دەنێردرێنە بەغداد
لەسەر ئەرکی نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، گۆڕانکاری لە ڕێڕەوی ڕاییکردنی مامەڵەکانی کارتی نیشتمانیدا لە سلێمانی کرا، بە شێوازێک کە بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتین، مامەڵەکان ڕاستەوخۆ ڕەوانەی بەغداد دەکرێن. هاوکات بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی ڕایگەیاند کە بۆ دەرهێنانی پاسپۆرت، پێویستە هاونیشتمانیانی دەرەوەی وڵات کارتی نیشتمانییان هەبێت و پرۆسەکەش پێویستی بە 15 ڕۆژ هەیە.
کەمکردنەوەی ڕۆتین لە مامەڵەکانی کارتی نیشتمانی
لە پارێزگای سلێمانی و لەپێناو کەمکردنەوەی ڕۆتین، لەسەر ئەرکی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، لەمەودوا بۆ دەرهێنانی کارتی نیشتمانی مامەڵەکان ناچنەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ و ڕاستەوخۆ لە سلێمانییەوە دەبرێنە بەغداد.
مەرجەکانی دەرهێنانی پاسپۆرت بۆ هاونیشتمانیانی دەرەوە
عەمید سالار، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند "ئەو هاونیشتمانییانەی کە لە دەرەوەی وڵات بۆ دەرهێنانی پاسپۆرتی عێراقی و کارتی نیشتمانی دەگەڕێنەوە، دەبێت هاتنەوەکەیان لە 15 ڕۆژ زیاتر بێت، چونکە بەبێ کارتی نیشتمانی، ناتوانین پاسپۆرتی عێراقییان پێبدەین و دەڵێت، پرۆسەکە 15 ڕۆژی پێویستە.
ناردنی ڕاستەوخۆی مامەڵەکان بۆ بەغداد
بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی گوتشی، "لەپێناو بەرژەوەندیی هاونیشتمانی و لەسەر ئەرکی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، لەمەودوا ڕاستەوخۆ مامەڵەکان لە سلێمانییەوە دەنێردرێن بۆ وەزارەتی ناوخۆی عێراق و ناچنەوە هەولێر".
4 کاتژمێر پێش ئێستا