پرۆژەیەکى ئاو کێشەی ئاوی خواردنەوەی بەسڕە چارەسەر دەکات

ئارام قەرەداغی 4 کاتژمێر پێش ئێستا
یەکێک لە حەوزەکانی پرۆژەی بیدعە لە بەسڕە، بۆ شیرینکردنی ئاوی دەریا
یەکێک لە حەوزەکانی پرۆژەی بیدعە لە بەسڕە، بۆ شیرینکردنی ئاوی دەریا

وەزیرى سەرچاوەکانی ئاوی عێراق سەردانى پارێزگاى بەسڕەى کرد و ڕایگەیاند، پرۆژەى ئاوى "بیدعە" لە قۆناغى کۆتاییدایە و بە تەواوبوونیشی کێشەى ئاوى خواردنەوەى دانیشتووانەکەی چارەسەردەکات کە بەهۆى سوێرییەکەیەوە ناتوانن سوود لە ئاوى کەنداو وەربگرن.

پرۆژە 60 بۆ 70 ڕۆژی داهاتوو تەواو دەبێت

موسەننا تەمیمى، وەزیرى سەرچاوەکانی ئاوی عێراق لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەوانیدا لە پاش کۆبوونەوەى لەگەڵ پارێزگار ڕایگەیاند، پرۆژەى ئاوى بیدعە کە پرۆژەیەکى گرنگە لە ماوەى 60 بۆ 70 ڕۆژى داهاتوو تەواودەکرێت.

هەوڵی دروستکردنی بەنداوێک لەسەر کەنداو

گوتیشى، لەگەڵ کۆمپانیایەکى ڕاوێژکاریی ئیتاڵى لە بارەى دروستکردنى بەنداوێک لەسەر کەنداو گفتوگۆیان کردووە، کە لەم بەنداوە ئاوەکە دەپاڵێورێت و خوێیەکەى جیادەکرێتەوە.

پڕۆژی ئاوای بیدعە

پرۆژەى ئاوى بیدعە لە بەسڕە، کەناڵێکى ئاوییە، درێژییەکەى 238 کیلۆمەترە، ئاوەکە لە شارۆچکەى شەترەى سەر بە پارێزگاى زیقار لە لقێکى ڕووبارى دیجلە وەردەگیرێت و دەگەیێنرێتە نزیک فڕۆکەخانەى بەسڕە، پاشان لە ڕێگەى تۆڕى ئاوى خواردنەوە دابەشى سەر هاوبەشان دەکرێت، تێچووى پرۆژەکە 450 ملیۆن دۆلارە.

خزمەت بە زیاتر لە چوار ملیۆن کەس دەکات

پرۆژەکە بریتییە لە شیرینکردنی ئاوی دەریا، خزمەت بە زیاد لە چوار ملیۆن هاوڵاتیی بەسڕە دەگەیێنێت و لە پرۆژەکەشدا وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا هەیە کە تواناکەی 300 مێگاواتە، هەروەها دەتوانێت سێ هەزار و 500 هەلی کار بۆ دانیشتووانی پارێزگاکە دابین بکات.

ئارام قەرەداغی

4 کاتژمێر پێش ئێستا