لیستی مووچەی مانگی شەشـى مووچەخۆران بە سیستمى پەیڕۆڵ ئامادە کراوە

ئارا ئیبراهیم 3 کاتژمێر پێش ئێستا
کاتی ئامادەکردنی لیستێکی مووچە
کاتی ئامادەکردنی لیستێکی مووچە

لیستی مووچەی مانگی شەشـى مووچەخۆران بە سیستمى پەیڕۆڵ ئامادە کراوە و بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا لەگەڵ تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی پێنج ڕەوانەی بەغداد بکرێت. وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانیش ئاماژە بەوە دەکات، کێشەی دابینکردنی 120 ملیار دینارەکەیان هەیە و بەغدادش هەموو پارەکەی دەوێت و ئەگەر بەتەواوی نەنێردرێت، هاوشێوەی مانگی ڕابردوو لە تەمویلی مووچەی مووچەخۆرانی دەبڕێت.

دارایی عێراق پابەندە بە ناردنی مووچە

دیلان غەفور، ئەندامى لیژنەى دارایی ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، "وەزارەتى دارایی عێراق پابەندە بە ناردنى مووچە بۆ مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان".

جێبەجێکردنی پابەندە داراییەکان لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە

ڕاشیگەیاند، " فالح سارى، وەزیرى دارایی عێراق ئەوەى ڕاگەیاندووە کە پێویستە هەرێمى کوردستان پابەندییە داراییەکانى جێبەجێ بکات".

بە گوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران، بەغداد لەم کاتەدا کە دۆخى دارایی خراپە، داهاتی نانەوتی لە هەرێمی کوردستان دەوێت.

بڕێن لە تەموویلی مووچە بە مەقاسە

باسى لەوەشکرد، هەرێمى کوردستان چەند کەمتر لەو 120 ملیار دینارەی داهاتی نانەوتی ڕەوانەی بەغداد بکات، وەزارەتی دارایی عێراق ئەوەندە لە تەموویلی مووچە مقاسەی دەکات.

کەمبوونەوەی هەناردەی نەوت کێشەی بۆ مووچە دروستکردووە

بەغداد بەهۆی کەمبوونەوەی هەناردەی نەوتەکەیەوە، بۆ دابینکردنى مووچەى مانگانە، قەرز لە بانکە ناوخۆییەکان دەکات بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرەکانی کە مانگانە لەنێوان حەوت بۆ هەشت تریلیۆن دیناردایە و ڕێگەى نەداوە مووچەى مووچەخۆرانى دوابکەوێت و لەوادەى خۆیدا دابەشى دەکات.

بڕینی داهاتی نانەوتی مانگی ڕابردوو

بۆ مووچەى مانگى ئایار حکومەتى هەرێمى کوردستان بڕى 50 ملیار دینارى وەک داهاتى نانەوتی لە 25ـى ئایارى مانگى ڕابردوو بۆ بەغداد نارد، لە بەرامبەردا بەغداد لەکۆى 970 ملیار دینارى مووچەى مووچەخۆران 890 ملیار و 502 ملیۆن دینارى بۆ هەرێمى کوردستان ڕەوانە کرد، کە 70 ملیار دینارى بۆ داهاتى نانەوتیی مەقاسە کرد و 10 ملیار دینارى دیکەشى کە مووچەى خانەنشینە ڕەوانەى نەکرد.

دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان خراپە

هاوکات بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە نەویست ناوى بهێنرێت بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند" دۆخى دارایی هەرێمى کوردستان خراپە و کەوتووینەتە قەیرانى دارایی و کورتهێنامان بۆ دابینکردنى مووچە هەیە".

هێشتا کورتهێنانی مووچەی مانگی ئایار چارەسەر نەکراوە

ڕاشیگەیاند، 43" ملیار دینارى تەمویلى مووچە لە داهاتى نانەوتیی دابین دەکرێت و هێشتا نەتوانراوە کورتهێنانى مووچەى مانگى ئایار چارەسەر بکەین و لە هەوڵداین بۆ دابینکردنى مووچە نەدراوەکان لە ڕێگەى کۆکردنەوەى داهات و قەرزەوە".

کەمبوونەوەی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان

باسى لەوەشکرد، داهاتی نانەوتیی هەرێمى کوردستان زیاتر لە %60 کەم بووەتەوە، ناتوانرێت 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی بۆ بەغداد ڕەوانە بکەین. گوتیشى" بڕیاری ڕێکخستنەوەی کۆکردنەوەی داهات و کەمکردنەوەی بەشێک لە خەرجییەکانی دراوە و چاوەڕێین وەک وەزارەتى دارایی بڕیارى پێ دەربچێت."

وردبینیی بۆ داهات و خەرجی هەرێمی کوردستان

ئەوەشى دووپاتکردەوە، حکومەتى هەرێمى کوردستان هەماهەنگى لەگەڵ حکومەتى عێراق دەکات و لەسەر بنەماى تەرازووى پێداچوونەوەى مانگانە کە لەلایەن دیوانى چاودێریى عێراق وردبینیى بۆ داهات و خەرجییەکانى هەرێمى کوردستان دەکات".

ئەگەری بەردەوامبوونی کورتهێنانی دارایی

گوتیشى،" بەغداد مانگانە 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتیی فیدراڵی لە تەمویلی مووچەی مانگانە دەوێت، لەکاتێکدا داهاتى نانەوتیی مانگى ڕابردوو 110 ملیار دینار بووە، بۆیە لە مانگی حوزەیران و مانگەکانی دیکە تووشی کورتهێنانی دارایی گەورە دەبینەوە بۆ دابینکردنى مووچە ئەگەر خەرجییەکان کەمنەکرێتەوە و کۆکردنەوەى داهات ڕێکنەخرێتەوە".

وەزارەتى دارایی لە چوارچێوەى ڕاگەیاندنى داهاتەکانى مانگەکانى ئەمساڵ ئەوەى خستووەتەڕوو، کە داهاتى نانەوتیی مانگى ئایار بە خەمڵاندن 110 ملیار دینار بووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لیستی مووچەی مانگی شەشـى مووچەخۆران بە سیستمى پەیڕۆڵ ئامادە کراوەو گەیشتووەتە وەزارەتى دارایی و بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا لەگەڵ تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی پێنج ڕەوانەی بەغداد بکرێت.

ئارا ئیبراهیم

3 کاتژمێر پێش ئێستا