ئەعرەجی و دەردەری جەختیان لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی عێراق و نەتەویەکگرتووەکان کردەوە
قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لەگەڵ عەبدوڵا دەردەری، یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان کۆبووەوە و گفتوگۆیان لەسەر پەیوەندییەکانى هەردوولا کرد.
بەهێزکردنی هاوکاری لە نێوان عێراق و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان
نووسینگەی ڕاگەیاندنی ئەعرەجی بڵاویکردووەتەوە، لەو دیدارەدا گفتوگۆ لەسەر دۆسیە جێ بایەخەکانی هەردوولا و ڕێگەکانی بەهێزکردنی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان عێراق و ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سەرجەم بوارەکان کراوەتەوە.
پەرۆشی عێراق بۆ هەماهەنگی
قاسم ئەعرەجی جەختی لە پەرۆشی حکومەتی عێراق بۆ بەردەوامیدان بە هاوکاری لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان لە سەرجەم پرسە نێودەوڵەتییەکان کردووەتەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، وڵاتانی ناوچەکە بەرژەوەندیی هاوبەش پێکیانەوە دەبەستێتەوە، ڕەخساندی هەلی کاریش یەکێکە لە بەرپرسیارێتییە بنەڕەتییەکانی حکومەتەکان.
جەختکردنەوە لە سەقامگیری ناوچەکە
ئەعرەجی ئاماژەی بەوەشکردووە، عێراق پەیوەندییەکی هاوسەنگی لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە هەیە، سەقامگیری ناوچەکە دەبێته هۆکارى ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی ستراتیجی، لەنێویاندا ڕێگەی گەشەپێدان، بەستنەوەی هێڵە ئاسنینەکان، پەرەپێدانی ژیریی دەستکرد و ئاسایشی ئەلیکترۆنی.
چڕکردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان لە پێناو ئاشتیدا
ڕاوێژکارى ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، چڕکردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان لەپێناو بەرقەرارکردنی ئاشتی و بەرەنگاربوونەوەی گوتاری ڕق و کینە بە گرنگ ناودەبات.
هاوکات عەبدوڵا دەردەری، ئامادەیی نەتەوەیەکگرتووەکانی بۆ بەهێزکردنی هاوکارییەکان لەگەڵ عێراق لە بوارە جیاوازەکان دووپاتکردووەتەوە و ئاماژەی بە گرنگی و پێگەی عێراق لە ناوچەکە کردووەتەوە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا