وەزارەتی بازرگانیی عێراق پڕۆژەی سەبەتەی کەرەستەی بیناسازی بە قیست ڕاگەیاند
مستەفا نزار عانی، وەزیری بازرگانیی عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا دەستپێکردنی پڕۆژەی سەبەتەی کەرەستەی بیناسازی ڕاگەیاند، کە سەرجەم پێداویستییەکانی پەیوەندیدار بە دروستکردنی خانووبەرە لەخۆدەگرێت و بە قیست دەدرێت بە هاوڵاتییان.
بەهاکەی بە قیست لێ وەردەگیرێتەوە
وەزیرى بازرگانیی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، پێشکەشکردنی داواکاریی بۆ پڕۆژەکە، بە شێوازی ئەلیکترۆنی و لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنێکی تایبەتەوە دەبێت کە لە ڕۆژانی داهاتوودا کارا دەکرێت، کە تێیدا هاوڵاتی دەتوانێت ڕاستەوخۆ جۆری کەرەستەکان دیاری بکات و بەهاکەشی بە قیستی 15 مانگ لێی وەردەگیرێتەوە.
ڕێوشوێنەکانی وەرگرتنی کەلوپەلەکان
گوتیشى، ئەم پڕۆژەیە لەلایەن کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی کەرەستەی بیناسازییەوە سەرپەرشتی دەکرێت، ڕێوشوێنە فەرمییەکانی لە ڕێگەی واژۆکردنی گرێبەستێک لە نێوان کۆمپانیاکە و کۆمپانیای کی کارتەوە دەستپێکردووە و لە قۆناغی یەکەمدا ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە دەگرێتەوە کە مووچەکانیان لەسەر بانکی ڕافیدەینە.
داوای پاڵپیشتی لە پرۆژەکە
وەزیری بازرگانیی عێراق، داوایشی لە سەرجەم ئەو بانکانە کرد کە پرۆسەی تەوتینی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانیان گرتووەتە ئەستۆ، پاڵپشتی ئەم دەستپێشخەرییە بکەن بۆ ئەوەی زۆرترین چین و توێژ سوودمەند بن.
2 کاتژمێر پێش ئێستا