عێراق: نۆ بازرگانی ماددەی هۆشبەرمان لە سووریا دەستگیر کرد

ئارام یوسف 3 کاتژمێر پێش ئێستا
بڕێک لە ماددەی هۆشبەر کە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی عێراقەوە دەستی بەسەردا گیراوە
بڕێک لە ماددەی هۆشبەر کە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی عێراقەوە دەستی بەسەردا گیراوە

بەڕێوەبەرایەتیی ماددە هۆشبەرەکانی عێراق ئاشکرای دەکات، لە ئۆپراسیۆنێکی تایبەتدا نۆ بازرگانی ماددەی هۆشبەریان لەناو خاکی سووریا دەستگیرکردووە و دەستیان بەسەر 200 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەریشدا گرتووە.

بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی سوریا

بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ڕاگەیێنراوێکدا دەڵێت، ئۆپراسیۆنەکە بە پشتبەستن بە زانیاریی وردی هەواڵگری بووە، هێزێکی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بە هەماهەنگی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەزگای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی سووریا، بۆ جێبەجێکردنی زنجیرەیەک ئۆپراسیۆن چوونەتە خاکی ئەو وڵاتە و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک ئۆپراسیۆنەکەیان بەردەوام بووە.

ئۆپراسیۆنەکان لە دوو پارێزگای سووریا کراوە

ئاماژە بەوەشکراوە، ئۆپراسیۆنەکەیان لە پارێزگاکانی دێرەزوور و حومس ئەنجامداوە ،لە ئەنجامدا نۆ گەورە بازرگانی ماددەی هۆشبەریان دەستگیرکردووە و دەستیان بەسەر 200 کیلۆ ماددەی هۆشبەردا گرتووە، کە ئامادەکراون ڕەوانەی خاکی عێراق بکرێن.

هەماهەنگی و هاوکاری ئاستبەرزی نێوان سووریا و عێراق

بەڕێوبەرایەتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکانی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەو ئۆپراسیۆنە ئاستی هەماهەنگی و هاوکاریی بەرزی نێوان عێراق و سووریا پیشان دەدات، بە ئامانجی وشککردنی سەرچاوەکانی بەقاچاغبردنی ماددەی هۆشبەر و دەستگیرکردنی مەترسیدارترین بازرگانانی ماددەی هۆشبەر.

ئارام یوسف

3 کاتژمێر پێش ئێستا