عەباس بەهادلی: سزای لەسێدارەدان بۆ 362 بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەرچووە
بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشکرای دەکات، لە ساڵی 2023ەوە، 362 بازرگانی ماددەی هۆشبەر سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە و هەزار و 500 بازرگانیش سزای زیندانی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوە.
گۆڕانگاری ڕێوشوێنەکانی دەزگا ئەمنییەکان
عەباس بەهادلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ماددە هۆشبەرەکان ڕایگەیاند، لە ماوەی چەند مانگ و چەند ساڵی رابردوودا، هەوڵەکانی دادگا و دەزگا ئەمنییەکان لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان گۆڕانکاریی بەرچاوی بەسەردا هاتووە.
دەرکردنی سزای لە سێدارەدان
دەشڵێت، لە ساڵی 2023ەوە، دادگای تاوانەکان لەسەرتاسەری عێراق، سزای لەسێدارەدانی بۆ 362 بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەرکردووە.
سزای زیندانی هەتاهەتایی
بەگوتەی عەباس بەهادلی، سزای زیندانی هەتاهەتایی تاوەکو ئەمڕۆ گەیشتووەتە هەزار و 500، ئەمەش تەنیا لە ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025دا بەدەستهاتووە.
جیاوازی دەرچوونی سزای لە سێدارەدان بە گوێرەی ساڵەکان
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ماددە هۆشبەرەکان ئاماژە بەوەدەکات، ئەگەر ئامارەکانی سێ ساڵی ڕابردوو، بەروارد بکەین بە ئامارەکانی ساڵانی 2021 و 2022، ئەوا دەبینین لەو دوو ساڵەدا تەنیا سزای لەسێدارەدان بۆ حەوت بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەرچووە، بەمەش دەردەکەوێت جیاوازییەکە زۆر گەورەیە، ئەوەش دەرخەری هەوڵەکانی دادگا، حکومەت و دەزگا ئەمنییەکانە، بۆ وشککردنی سەرچاوەکانی بازرگانی کردن بە ماددەی هۆشبەرەوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا