قالیباف: دوژمن ناتوانێت بەرەکانی مقاوەمە لە یەکتر جیا بکاتەوە
ئاژانسی تەسنیم ڕایگەیاند گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران تا کاتێکی نادیار راگیراون، هاوکات، قالیبافیش دەڵێت، دوژمن هەرگیز ناتوانێت بەرەکانی مقاوەمە جیا بکاتەوە.
هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان
ئەمڕۆ، یەکشەممە، ئاژانسی تەسنیم ڕایگەیاند، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەکانی ڕۆژئاوای ئێران تا ئاگادارکردنەوەیەکی زیاتر بە تەواوی هەڵوەشێنراونەتەوە، هیچ زانیارییەکی زیاتری سەبارەت بەم بڕیارە کتوپڕە ئاشکرا نەکردووە.
هۆشداری توندی قالیباف
هاوكات، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە تۆڕی کۆمەلایەتی ئێکس پەیامێکی توندی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و گوتی "هەرگیز ناتوانن هیچ بەشێک لە پێکهاتەکانی بەرەی مقاوەمە بە تەنیا و بێدەسەڵات بەگیر بهێنن."
پاراستنی یەکپارچەیی خاکی لوبنان
جەختی لەوەشکردەوە، کە تێکۆشانی جەنگاوەرەکانی لوبنان و دیبلۆماسیی بەهێزی ئێران، سەروەری و یەکپارچەیی خاکی لوبنان دەستەبەر دەکات و کۆتایی بە شەڕانگێزییەکانی ڕژێمی ئیسرائیل دەهێنین، گوتیشی، "چەرخ و فەلەکە و دەبینین کێ دەیباتەوە و کێ دۆڕاوە."
سەرباری ئاگربەست هێرشی ئیسرائیل بەردەوامە
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە، سەرەڕای بوونی ئاگربەستی ئیسرائیل و لوبنان بەڵام هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر باشوری ولاتەکە بەردەوامی هەیە، محەمەد جەعفەر ئەسەدی جێگری فەرماندەی بارەگای خاتەمولئەنبیا ڕایگەیاند "تاوانەکانی ئیسرائیل لە زاحیەی بەیرووت بەبێ وەڵام تێناپەڕێت".
3 کاتژمێر پێش ئێستا