ئێران: لە ئەمڕۆوە جەنگ ڕادەگیرێت و گەمارۆ دەریاییەکان هەڵدەگیرێن
کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەیشتنە ڕێککەوتنی کۆتایی و دەقی یاداشتی لێکگەیشتنی نێوانیان واژۆ کرد؛ بەپێی ڕێککەوتنەکە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە هەموو بەرەکان وەستاون و گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکاش کۆتاییان هات.
کۆتاییهاتنی جەنگ و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان
کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە 15-06-2026 ڕایگەیاند، دەقی یاداشتی لێکگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا بە تەواوی کۆتایی هاتووە. ئاشکرای کرد کە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە دوو بڕیاری سەرەکی چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە؛ یەکەمیان ڕاگرتنی جەنگ و چالاکییە سەربازییەکانە لە سەرجەم بەرەکان بە لوبنانیشەوە، دووەمیشیان هەڵگرتنی دەستبەجێی گەمارۆی دەریایی ئەمریکایە لەسەر ئێران.
ڕۆڵی نێوەندگیرەکان و دانوستانە چڕەکان
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، ئەم ڕێککەوتنە دوای دانوستانێکی درێژخایەن و بە نێوەندگیریی وڵاتانی پاکستان و قەتەر هاتووەتە بەرهەم. ئاشکرای کرد کە شاندێکی قەتەری دوێنێ گەیشتووەتە تاران و بۆ ماوەی 15 کاتژمێر گفتوگۆی چڕیان ئەنجامداوە، تێرانیش تەنیا دوای جێگیرکردنی دواین داواکارییەکانی لەناو دەقی ڕێککەوتنەکەدا، ڕەزامەندیی نیشانداوە.
مەرجەکانی ئێران و دانوستانی 60 ڕۆژە
غەریب ئابادی جەختی کردەوە کە ئەم ڕێککەوتنە لەسەر بنەمای "بێ متمانەیی" نووسراوە و ئێران بە وردی چاودێریی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی ئەمریکا دەکات. ڕوونیشیکردەوە، چوونە ناو دانوستانێکی نوێی 60 ڕۆژە بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەی ئەتۆمی، لابردنی هەموو سزاکان و ئاوەدانکردنەوە، مەرجدارە بە ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێران و بەردەوامیی ڕاگرتنی جەنگ.
ئامادەباشیی سەربازی و هەڵوێستی ترەمپ
بەرپرسە ئێرانییەکە ڕایگەیاند، هەرچەندە دەستکەوتەکانیان لەم ڕێککەوتنەدا زۆرن، بەڵام هێزە چەکدارەکانیان دەستیان لەسەر پەلەپیتکەیە بۆ وەڵامدانەوەی هەر پێشێلکارییەک. هاوکات، دۆناڵد ترەمپ لە پلاتفۆرمی "ترووس سۆشیاڵ" ڕێککەوتنەکەی پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند، گەرووی هورمز بەبێ باج دەکرێتەوە و گەمارۆی دەریایی دەستبەجێ هەڵدەگیرێت، لە کۆتاییشدا نووسیویەتی: "با نەوت بڕوات".
3 کاتژمێر پێش ئێستا