300 ملیار دۆلار بۆ ئاوەدانکردنەوە؛ ڕێککەوتنی ئەمریکا و ئێران چی تێدایە؟

کەناڵ8 3 کاتژمێر پێش ئێستا
موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا
موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا

ئاژانسی مێهر وردەکاریی ڕەشنووسێکی 14 خاڵی بڵاودەکاتەوە کە تێیدا جەنگ و گەمارۆکان بە یەکجاری کۆتاییان دێت؛ بەپێی ڕێککەوتنە نوێیەکە، پرسی مووشەکی و گرووپەکانی نزیک لە ئێران لە کارنامەی گفتوگۆکان دوورخراونەتەوە و واشنتن پابەند دەکرێت بە پێشکەشکردنی پلانێکی گەورە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئێران.

کۆتاییهێنان بە جەنگ و پاراستنی سەروەری

بەپێی ڕەشنووسە 14 خاڵییەکە، یەکەمین هەنگاو ڕاگرتنی دەستبەجێ و هەمیشەیی جەنگە لە هەموو بەرەکان، بەتایبەتی لە بەرەی لوبنان. هاوکات ئەمریکا بەڵێن دەدات کە ڕێز لە سەروەریی خاکی ئێران بگرێت و دەستوەرنەداتە کاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتە، هەروەها پابەند دەبێت بە کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی لە ناوچەکانی دەوروبەری ئێران.

هەڵگرتنی گەمارۆکان و کردنەوەی گەرووی هورمز

لە خاڵە ئابوورییەکاندا هاتووە، کە دەبێت تەواوی گەمارۆ دەریاییەکان هەڵبگیرێن و گەرووی هورمز لە ماوەی 30 ڕۆژدا بەپێی ڕێوشوێنەکانی ئێران بکرێتەوە. هەروەها سزاکانی سەر فرۆشی نەوت و پترۆکیمیایی هەڵدەپەسێردرێن تاوەکو تاران بتوانێت دەستی بە سەرچاوە داراییەکانی خۆی بگاتەوە.

ئازادکردنی پارە سڕکراوەکان و مەرجی دانوستان

ڕێککەوتنەکە ئاماژە بە ئازادکردنی 24 ملیار دۆلاری سڕکراوی ئێران دەکات لە ماوەی 60 ڕۆژدا. تاران مەرجی داناوە کە تاوەکو نیوەی ئەو پارەیە ئازاد نەکرێت و گەمارۆی نەوت و دەریایی هەڵنەگیرێت، دەست بە هیچ دانوستانێکی فەرمی ناکەن. تاران جەخت دەکاتەوە کە دەبێت پێش دەسپێکردنی گفتوگۆکان، بڕی 12 ملیار دۆلار بخرێتە بەردەستی.

پلانی 300 ملیار دۆلاری بۆ ئاوەدانکردنەوە

یەکێک لە خاڵە بەرچاوەکانی ڕەشنووسەکە ئەوەیە، کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی پابەند دەکرێن بە پێشکەشکردنی پلانێکی گشتگیر بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئێران. بڕی تەرخانکراو بۆ ئەم پڕۆژەیە کەمتر نابێت لە 300 ملیار دۆلار، کە وەک قەرەبوویەک بۆ ئەو زیانانە دەبینرێت کە بەهۆی جەنگ و گەمارۆکانەوە بەر ژێرخانی ئێرانی کەوتوون.

هێڵە سوورەکان و دۆسیەی ئەتۆمی

لە ڕووی سەربازی و سیاسییەوە، ئێران توانیویەتی پرسی بەرنامەی مووشەکی و پشتگیریکردنی گرووپەکانی بەرەی "موقاوەمە" بە یەکجاری لە کارنامەی گفتوگۆکان دەربهێنێت و وەک هێڵی سوور دیارییان بکات. سەبارەت بە پرسی ئەتۆمیش، ئێران تەنیا پابەندیی خۆی بە پەیماننامەی (NPT) دووپات کردووەتەوە کە تێیدا هاتووە چەکی ئەتۆمی بەرهەم ناهێنێت.

قۆناغی داهاتوو و بڕیاری نێودەوڵەتی

دوای واژۆکردنی ئەم یاداشتی لێکگەیشتنە، قۆناغێکی 60 ڕۆژەی دانوستان دەستپێدەکات بۆ هەڵگرتنی سەرجەم سزاکان و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش دژی ئێران. لە کۆتاییدا دەبێت ڕێککەوتنی کۆتایی لە ڕێگەی بڕیارنامەیەکی فەرمیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسند بکرێت تاوەکو ببێتە ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتیی پابەندکەر.

کەناڵ8

3 کاتژمێر پێش ئێستا