ئێران: ڕۆژی هەینی ڕێککەوتنی "ئیسلام ئاباد" لە سویسرا واژۆ دەکرێت
پرۆسەی ئاشتی لە نێوان تاران و واشنتن چووە قۆناغێکی نوێوە؛ جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە لە ئەمشەوەوە شەڕ و گەمارۆی دەریایی ڕادەگیرێن و ڕۆژی هەینی ڕێککەوتنەکە بە فەرمی واژۆ دەکرێت، ئەوەش دوای پاشەکشەی ئەمریکا لە دانوستانەکاندا.
وادەی واژۆکردنی یاداشتی لێکگەیشتن
کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە 15-06-2026 ئاشکرای کرد کە "یاداشتی لێکگەیشتنی ئیسلام ئاباد" لە نێوان ئێران و ئەمریکا، ڕۆژی هەینی 19ـی حوزەیران، لە وڵاتی سویسرا بە فەرمی واژۆ دەکرێت. جەختیشی کردەوە کە لە ئەمشەوەوە کۆتاییهاتنی هەمیشەیی شەڕ لە هەموو بەرەکان و هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
قۆناغی دانوستانی 60 ڕۆژە
بەپێی گوتەکانی غەریبئابادی، دوای ئەوەی ئێران لە جێبەجێکردنی بەڵێنە دەستبەجێیەکانی ئەمریکا دڵنیا دەبێتەوە، قۆناغێکی نوێی دانوستانی 60 ڕۆژە دەستپێدەکات. تەوەری سەرەکیی ئەم قۆناغە بریتی دەبێت لە هەڵگرتنی هەموو سزاکانی سەر ئێران، کۆتاییهێنان بە بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش، تاوتوێکردنی پرسی ئەتۆمی، پرسی ئاوەدانکردنەوە و داڕشتنی میکانیزمێک بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی بەڵێنەکان.
دەستکەوتە سەربازییەکان و پاشەکشەی ئەمریکا
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ئەم ڕێککەوتنە تەنیا بەرهەمی دیپلۆماسی نییە، بەڵکو بەرهەمی دەستکەوتە سەربازییەکان و ئامادەیی هێزە چەکدارەکانە. ئاماژەی بەوەش کرد، هەڕەشە سەربازییەکانی ئێران و ئامادەیی بۆ وەڵامدانەوەی ئیسرائیل، وای لە ئەمریکا کرد لە دانوستانەکاندا پاشەکشە بکات و داواکارییەکانی ئێران لە ناو دەقی ڕێککەوتنەکەدا جێگیر بکرێن.
ئامادەباشیی هێزە چەکدارەکان
بەرپرسە ئێرانییەکە جەختی کردەوە کە ئەوان ئەمریکایان لە جەنگی سەربازیدا تێکشکاندووە و لایەنی ئەمریکی بەڵێنی کۆتاییهێنان بە شەڕی داوە. غەریبئابادی گوتیشی، سەرڕای ڕێککەوتنەکە، هێزە چەکدارەکانی ئێران دەستیان لەسەر پەلەپیتکە دەبێت بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر پیلان یان پێشێلکارییەک کە ڕووبدات.
بەیاننامەی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایش
بڕیار وایە لە کاتێکی نزیکدا، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بەیاننامەیەکی فەرمی لەمبارەیەوە بڵاوبکاتەوە. لەو بەیاننامەیەدا وردەکاریی زیاتر و خشتەی جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکرێن.
3 کاتژمێر پێش ئێستا