زانیارییەکانی کەناڵ8: هەولێر و بەغداد لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت ڕێککەوتن

هەولێر و بەغداد لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت ڕێککەوتن
هەولێر و بەغداد لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت ڕێککەوتن

هەوڵەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان چوونە قۆناغی جێبەجێکردنەوە و بەپێی ڕێککەوتنێکی نوێی نێوان هەولێر و بەغداد، ئاستی هەناردەکردن بە دوو قۆناغ دەگاتە 400,000 بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

ڕێککەوتن لەسەر هەناردەی نەوت لە دوو قۆناغدا

بەپێی زانیارییەکانی کەناڵ 8، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت گەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی. ئەم ڕێککەوتنە لە دوایین کۆبوونەوەی نێوان شاندی باڵای هەرێمی کوردستان و عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئیمزا کراوە و هەنگاوە پراکتیکییەکانیش دەستیان پێکردووە. پرۆسەی هەناردەکردنەکە بە دوو قۆناغ جێبەجێ دەکرێت؛ لە قۆناغی یەکەمدا کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان دەست بە بەرهەمهێنانی 250,000 بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا دەکەن، و لە قۆناغی دووەمدا ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن بۆ 400,000 بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز دەکرێتەوە.

گرەنتی ئەمنی بۆ پاراستنی کۆمپانیا نەوتییەکان

کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانیان و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان، داوای گرەنتی ئەمنییان لە حکومەتی عێراق کردووە. لەو چوارچێوەیەدا، ڕۆژی یەکشەممە شاندێکی باڵای سەربازی و ئەمنی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و لەگەڵ سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە. لەم دیدارەدا هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر داڕشتنی پلانێکی ئەمنی تۆکمە بۆ پاراستنی کۆمپانیا نەوتییەکان، تاوەکو بتوانن بەبێ گرفت بەرهەمهێنان دەست پێ بکەنەوە و زیانە داراییەکانی عێراق پڕ بکەنەوە.