نەتانیاهوو: پابەندی مەرجەکانی ترەمپ نابم

کەناڵ8 15/06/2026
بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل
بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل

پەیوەندییەکانی نێوان دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتانیاهوو بەهۆی دۆسیەی لوبنان و ڕێککەوتنی ئەمریکا لەگەڵ ئێران گەیشتووەتە بنبەست و گرژیی توند کەوتووەتە نێوان هەردوولا.

پەیوەندییەکی تەلەفۆنی گرژ و ئاڵۆز

ڕۆژنامەی "مەعاریف"ی ئیسرائیلی ئاشکرای کردووە، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ڕۆژی یەکشەممەی نێوان بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە توندی گرژیی تێکەوتووە. نەتانیاهوو بە ڕاشکاوی بە ترەمپی ڕاگەیاندووە کە ئیسرائیل خۆی بە هیچ بەندێکی تایبەت بە لوبنان لەو ڕێککەوتنەدا پابەند ناکات و سوپای ئیسرائیل لەو ناوچانەی لوبنان پاشەکشە ناکات کە ئێستا کۆنترۆڵی کردوون.

سنووردارکردنی جووڵە سەربازییەکانی ئیسرائیل

بەپێی سەرچاوەکانی تەلئەڤیڤ، دۆناڵد ترەمپ ئازادیی جووڵە و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیلی لەناو خاکی لوبناندا سنووردار کردووە، ئەمەش هۆکاری سەرەکی تووڕەییەکەی نەتانیاهوو بووە. لە ئێستادا نەتانیاهوو هەوڵ دەدات بەپەلە و دوای گەڕانەوەی ترەمپ لە لوتکەی کۆمەڵەی 7 لە ئەورووپا، کۆبوونەوەیەکی ڕووبەڕووی لەگەڵدا ئەنجام بدات.

مەترسیی لەبارچوونی ڕێککەوتنەکە

تۆڕی CNN بڵاویکردەوە، بەرپرسانی ئەمریکا ڕۆژی یەکشەممە لە دڵەڕاوکێیەکی توندابوون لە ئەگەری شکستی پێشوەختی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئێران، ئەوەش بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت. واشنتن زانیاری هەبووە کە تاران تەنیا چەند کاتژمێرێک پێش ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکە، خەریکی ئامادەکاری بووە بۆ وەشاندنی گورزی سەربازیی قورس لە ئیسرائیل وەک تۆڵەیەک.

ڕۆڵی قەتەر و هەموارکردنی ڕێککەوتنەکە

بۆ ڕێگریکردن لە هێرشەکەی ئێران، بەرپرسانی ئەمریکا لە ڕێگەی شاندی قەتەرەوە کە لە تاران بوون، هەوڵێکی بێوچانیان دا بۆ ڕازیکردنی بەرپرسانی ئێران. ئەم دۆخە وای لە ئەمریکییەکان کرد لە کۆتا چرکەکاندا بچنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و بەشێک لە دەستەواژە و داڕشتنی ناوەڕۆکی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە هەموار بکەنەوە تاوەکو ڕێککەوتنەکە لە هەرەس هێنان ڕزگار بکەن.

کەناڵ8

15/06/2026