مەسعود پزیشکیان: داوامان لە ئەمریکا نەکردووە ئاشتی بەرپا بکات

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران

سەرۆککۆماری ئێران وەڵامی ڕەخنە و ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکانی وڵاتەکەی دەداتەوە و داوا دەکات ڕێز لە تیمە دانوستانکارەکان بگیرێت؛ ئایا تاران و واشنتن لە جەنگێکی هەمیشەیی دەردەچن؟

بەرگری لە دیپلۆماتکارانی ئێران

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە پەیامێکدا بۆ خەڵکی وڵاتەکەی داوای کرد کە ڕێز لە دیپلۆماتکار و دانوستانکارەکان بگیرێت و بە "خیانەتکار و نیشتمانفرۆش" ناو نەبرێن. پزیشکیان جەختی لەوە کردەوە کە ئێران دەتوانێت لەسەر قاچی خۆی بوەستێت و وڵات لە قەیرانی ئێستا ڕزگار بکات، ئاماژەی بەوەش کرد کە ناکرێت تاوەکو کۆتایی تەمەن لەگەڵ هیچ لایەنێکدا لە جەنگ و ناکۆکیدا بن.

پەیوەندی لەگەڵ واشنتن و قەیرانەکان

سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاند، ئەوان داوایان لە ئەمریکا نەکردووە ئاشتی بەرپا بکات. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە وەک سەرۆککۆمار ئەوەی پێ باشە کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی بکات، بەڵام هاوکات ڕوونیکردەوە کە بڕیار و قسەی کۆتایی لەبارەی پرسە ستراتیژییەکان لای "کەسێکی باڵا"یە لە وڵاتەکەیدا (ئاماژە بۆ ڕێبەری باڵای ئێران).

کاردانەوەی لایەنگرانی سوپای پاسداران

ئەم قسانەی پزیشکیان دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ستایشی پۆستێکی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانی کرد و ڕایگەیاند کە لە ڕێککەوتن نزیکن. ئەمەش بووە هۆی تووڕەیی بەشێک لە لایەنگرانی سوپای پاسداران و لە بەردەم وەزارەتی دەرەوەی ئێران گردبوونەوە و دروشمی "مردن بۆ عێراقچی خیانەتکار"یان گوتەوە و داوای دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری دەرەوە و سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانیان کرد.