وەزارەتی دەرەوەی ئێران: یاداشتە لێکتێگەیشتنەکە دەستکەوتی دیپلۆماسی و سەربازییە بۆ ئێران
تاران واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ واشنتن وەک سەرکەوتنێکی ستراتیژی دەبینێت و جەخت لەسەر چاودێریکردنی وردی جێبەجێکردنی بەندەکان دەکاتەوە؛ ئایا متمانە لە نێوان هەردوولا دروست بووە؟
دەستکەوتێکی گەورە بۆ تاران
غەریب ئابادی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی، لە نوێترین لێدوانیدا ڕایگەیاند کە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان تاران و واشنتن دەستکەوتێکی گرنگی دیپلۆماسی و سەربازییە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوەی ئێستا بۆ تاران لەم قۆناغەدا گرنگە، جێبەجێکردنی تەواوی خاڵەکانی ناو یاداشتەکەیە وەک خۆی و بەبێ لادان.
بێمتمانەیی بەرامبەر واشنتن
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند، کە ئەوان بە هیچ جۆرێک متمانەیان بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نییە. غەریب ئابادی جەختی کردەوە کە ئێران بە وردی چاودێری جێبەجێکردنی خاڵەکانی ناو یاداشتەکە لە لایەن ئەمریکاوە دەکات. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە متمانەی تەواویان بە هێزی سەربازی، توانای دیپلۆماسی و پشتیوانی گەلی ئێران هەیە و هەر ئەوەش وایکردووە جێبەجێکردنی ئەم یاداشتە لەڕادەبەدەر بۆ ئەوان گرنگ بێت.
هەڵوێستی وڵاتانی ئەورووپا
ڕاگەیاندنی ئەم ڕێککەوتنە دوای زیاتر لە 3 مانگ لە جەنگ و ئاڵۆزی دێت کە دواجار هەردوولا گەیشتنە تێگەیشتنێکی هاوبەش بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان. ئەم هەنگاوە لە ئاستی جیهانیدا پێشوازییەکی زۆری لێکراوە؛ لەو چوارچێوەیەدا وڵاتانی فەڕەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و ئیتالیا لە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر تاران وەک پشتگیرییەک بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە.
15/06/2026