ناوبژیوانی یاریی کۆتایی مۆندیالی 2026 چەندێک پارە وەردەگرێت؟

لیژنەی ڕێکخستنی یەکێتی تۆپی پێی جیهان، ئاستێکی دارایی دیاریکراوی بۆ ئەو ناوبژیوانانە پەسەند کردووە کە یارییەکانی مۆندیالی 2026 بەڕێوەدەبەن، لە هەمووی جیاوازتر ئەو ناوبژیوانەی ئەرکی بەڕێوەبردنی یاری کۆتایی مۆندیال لە 19ی تەمموز لە یاریگای "میتلایف" لە نیوجێرسی پێ دەسپێردرێت، بە بڕی 100 هەزار دۆلار پاداشت دەکرێت، ئەو بڕە پارەیە دوو هێندەی ئەو خەڵاتەیە کە ناوبژیوانان لە مۆندیالی 2014ی بەڕازیلدا وەریانگرتووە.

سیستەمی دارایی ئەم پاڵەوانێتییە، پشت بە مووچەیەکی بنەڕەتی و کۆمەڵێک پاداشتی هەڵکشاو دەبەستێت، ئەو ناوبژیوانانەی بۆ بەڕێوەبردنی یارییەکانی قۆناغی دەرکردن هەڵدەبژێردرێن، پاداشتی دارایی زیاتریان پێ دەدرێت بەراورد بە قۆناغەکانی پێشووتر زیاد دەکات.

 فیفا مەرجێکی بنەڕەتی بۆ وەرگرتنی ئەو 100 هەزار دۆلارە داناوە، ئەویش ئەوەیە نابێت ناوبژیوانەکە هەڵگری ڕەگەزنامەی هیچ کام لەو دوو هەڵبژاردەیە بێت کە لە یاری کۆتاییدا ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە.

بۆ خستنە ڕووی قەبارەی ئەم خەڵاتانە بەراورد بە داهاتی ئاسایی ناوبژیوانان، ئاماژە بەوە کراوە ناوبژیوانی پلەی نایاب لە خولی فەڕەنسا ساڵانە نزیکەی 145 هەزار یۆرۆ وەردەگرێت.