48 کاتژمێر بێسەروشوێن؛ گەنجەکەی گۆمەسپان چی لێهات؟

کەناڵ8 15/06/2026

تیمەکانی بەرگریی شارستانی هەولێر بۆ دووەم ڕۆژی لەسەریەک بەدوای تەرمی گەنجێکدا دەگەڕێن کە لە بەنداوی گۆمەسپان خنکاوە؛ لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە ئاماری خنکان لە سنووری پارێزگاکە بۆ 7 کەس بەرزبووەوە.

گەڕان بەدوای تەرمی گەنجێک لە گۆمەسپان

ماوەى 2 ڕۆژە تیمەکانى بەرگریى شارستانى هەولێر بەردەوامن لە گەڕان بەدوای تەرمی گەنجێک کە لە بەنداوى گۆمەسپان خنکاوە، بەڵام تاوەکو ئێستا چارەنووسی نادیارە و تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە. ئەم ڕووداوە لەکاتێکدایە کە لەگەڵ هاتنى وەرزى گەرما، بەشێک لە هاونیشتمانیان و گەشتیاران بۆ مەلەکردن ڕوو لە بەنداو و ناوچە گەشتیارییەکان دەکەن و هەندێجار بەهۆی ڕووداوی نەخوازراوەوە گەشتەکانیان دەبێتە ناخۆشی.

ئاڵنگارییەکانی بەردەم تیمەکانی غەواس

شاخەوان سەعید، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، تیمەکانیان بێ وەستان لە هەوڵی دۆزینەوەی تەرمی قوربانییەکەدان، بەڵام قووڵى و لێڵى ئاوی بەنداوەکە بووەتە ڕێگری سەرەکی لەبەردەم گەڕان و بەدواداچوونەکانیان و ئەرکی غەواسەکانی قورستر کردووە.

داواکاری بۆ توندکردنەوەی ڕێکارەکان

محەمەد خۆشناو، کەسوکاری قوربانییەکە باسی لەوە کرد کە سەرەڕای هۆشدارییەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان، هێشتا بەشێک لە هاوڵاتییان گوێ بە ڕێنماییەکان نادەن و لە ڕووبارەکاندا مەلە دەکەن. لەبەرامبەردا، بەشێک لە هاونیشتمانیان داوا دەکەن ڕێکارەکانى قەدەغەکردنى مەلەکردن توندتر بکرێنەوە بۆ ئەوەی ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە ڕووداوانە بگیرێت.

ئاماری خنکان و پلانە نوێیەکان

لەسەرتاى ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، 7 کەس لە سنووری شارى هەولێر لە ناو ڕووبار، چەم و بەنداوەکان خنکاون، کە ڕووداوی هاوشێوە لە شارەکانی دیکەش تۆمارکراون. ئەم دۆخە وایکردووە لایەنی پەیوەندیدار بیر لە دانانى پلان و پڕۆگرامى نوێ بکەنەوە، لەوانە دانانی تیمى بەرگرى شارستانى و تیمى غەواس لە شوێنە گەشتیارییەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خێرای ڕووداوەکان.

کەناڵ8

15/06/2026