شووتییەک "تەقی" و هەمووانی ترساند؛ ئایا شووتی خۆماڵی ماددەی کیمیایی تێدایە؟

کەناڵ8 15/06/2026

بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی تەقینی شووتییەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گومانێکی زۆری لای هاونیشتمانیان لەسەر کوالیتی بەرهەمی خۆماڵی دروستکرد، بەڵام جوتیاران و بەرپرسانی عەلوە دڵنیایی دەدەن کە بەرهەمەکان تەندروستن.

دەنگۆکان و وەڵامی جووتیاران

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی تەقینی شووتییەک بە شێوەیەکی ناسروشتی، گومانی ئەوەی دروستکرد کە بەرهەمی ئەمساڵ بە ماددەی کیمیایی و دەرمان گۆشکرابێت، ئەمەش کاریگەری کردە سەر ناوبانگی ڕەنجی جوتیاران. بەختیار یاسین، وەک جوتیارێک ئەم دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە کە بەرهەمەکانیان تەندروستە و دەڵێت "پێش ئەوەی بەرووبوومی شووتی بخەینە بازاڕەوە، دەیخەینە سەر سفرەی ماڵی خۆمان".

چاودێری توند لە عەلوەی سلێمانی

دەروازەی عەلوەی سلێمانی وەک هێڵی یەکەمی پاراستنی تەندروستی هاوڵاتییان کار دەکات بۆ ڕێگریکردن لە هاتنە ناوەوەی هەر بەروبوومێکی ناتەندروست. عەتا محەمەد، گوتەبێژی عەلوەی سەوزە و میوەی سلێمانی ڕایگەیاند، چاودێرییەکی توند لە ئارادایە و دەرگایان بەڕووی هەر بەرهەمێکی خراپدا داخستووە، تاوەکو هیچ مەترسییەک نەگاتە سەر سفرەی خواردنی هاونیشتمانیان.

پشکنینی کیمیایی لە تاقیگە

لە ناو عەلوەی سەوزە و میوەی سلێمانی، تاقیگەیەکی کشتوکاڵی جێگیرکراوە کە ئەرکی پشکنینی وردی هەموو ئەو بەرهەمانەیە دەهێنرێنە ناو عەلوەکە. عەلی عەبدوڵا، سەرپەرشتیاری تاقیگەی کشتوکاڵی عەلوەی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، هەر بەروبوومێک پێش ئەوەی مۆری خستنە بازاڕی لێ بدرێت، دەبێت لە ژێر چەند پشکنینێکی وردی کیمیاییدا تێپەڕێت بۆ دڵنیابوونەوە لە پاکی و تەندروستییەکەی.

وەرزی بەرهەمی شووتی خۆماڵی

لە هەرێمی کوردستان، مانگی 06 تاوەکو مانگی 07 وەرزی سەرەکیی پێگەیشتنی بەرهەمی شووتی خۆماڵییە. ئەم بەرهەمە تاوەکو مانگی 10 بەردەوام دەبێت و دەتوانێت بە تەواوی پێداویستی و خواستی بازاڕی ناوخۆ دابین بکات.

کەناڵ8

15/06/2026