دارە وشکبووەکانی سلێمانی ناخرێنە سەر زبڵدان؛ دەبنە مێز و کورسی بۆ خوێندنگەکان

بەهرۆز سالار، بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا
بەهرۆز سالار، بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا

بەڕێوەبەرایەتیی باخچەکانی سلێمانی و پەروەردەی ڕۆژئاوا لە چوارچێوەی چەند پڕۆژەیەکدا کار بۆ سەوزکردنی خوێندنگەکان و دابینکردنی کەرەستەی خاو بۆ خوێندنگە پیشەییەکان دەکەن.

پڕۆژەی سەوزکردنی باخچەی خوێندنگەکان

لە چوارچێوەی هەماهەنگی نێوان بەڕێوەبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی، پڕۆژەیەک بۆ جوانکردن و سەوزکردنی ژینگەی خوێندنگەکان ڕاگەیەندرا. لە قۆناغی یەکەمی ئەم پڕۆژەیەدا، بەڕێوەبەرایەتی باخچەکان درەختی پێویست بۆ زیاتر لە 40 خوێندنگەی سنووری پەروەردەی ڕۆژئاوا دابین دەکات بە مەبەستی زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لەناو ناوەندەکانی خوێندندا.

سوودوەرگرتن لە دارە وشکبووەکان

پڕۆژەی دووەمی نێوان هەردوو بەڕێوەبەرایەتییەکە تایبەتە بە بڕینەوەی ئەو دارانەی کە وشکبوون یان شکاونەتەوە. ئەم دارانە دوای بڕینەوەیان ڕەوانەی خوێندنگە پیشەییەکان دەکرێن تاوەکو لە لایەن خوێندکاران و مامۆستایانەوە بۆ کاری دەستڕەنگینی، چالاکییە هونەرییەکان و فێستیڤاڵەکان بەکاربهێنرێن. هەروەها بڕیار وایە وەک کەرەستەی خاو سوودیان لێ وەربگیرێت بۆ دروستکردنی مێز، کورسی و تەپڵەک بۆ پێداویستییەکانی ناو خوێندنگەکان.

ئامادەکردنی 20 تۆن دار

بەهرۆز سالار، بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، کە لە ئێستادا زیاتر لە 20 تۆن دار بۆ خوێندنگە پیشەییەکانی سنووری پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی ئامادەکراوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە پڕۆسەی ڕادەستکردنی ئەو بڕە دارە دەستیپێکردووە تاوەکو خوێندنگەکان بتوانن لە چوارچێوەی وانە پراکتیکییەکانیاندا سوودی لێ وەربگرن.