لە شاری سلێمانی نەشتەرگەرییەکی دەگمەنی سپڵ کرا
لە شاری سلێمانی نەشتەرگەریی دەرهێنانی سپڵ بۆ تووشبوویەکی نەخۆشیی سالاسیمیا کرا.
نەشتەرگەرییەکە جیاواز و دەگمەن بوو، چونکە قەبارەی سپڵەکە زۆر گەورە بوو، بە جۆرێک کێشی 4.5 کیلۆگرام بووە و درێژییەکەشی 38 سم بووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە جیهاندا گەورەترین سپڵ کە دەرهێنرابێت 45 سێنتیمیتەر بووە.
نەشتەرگەرییەکە بە سەرپەرشتی د. دارا ئەحمەد، پسپۆڕی نەشتەرگەریی هەرس و جگەر، ئەنجامدراوە و ئێستا دۆخی چارەخوازەکە جێگیرە.
بۆچی هەندێجار تووشبووانی سالاسیمیا پێویستیان بە لابردنی سپڵ دەبێت؟
ئەرکی سەرەکیی سپڵ پاکژکردنەوەی خوێنە لە خانە ناتەواو و ناڕێکەکانی خوێن، بەهۆی ئەوەی گرفتی سەرەکیی نەخۆشیی سالاسیمیاش ناتەواوی خڕۆکەسوورەکانیانە، سپڵ زۆر چالاک دەبێت و هەوڵی گلدانەوەی هەموو خڕۆکە سوورە خراپەکان دەدات، بەهۆی فرەچالاکییەکەشیەوە هەندێجار خڕۆکەی سووڕی ئاسایی و بێکێشەش دەپاڵێوێت، بەمەش کەسەکە کەمخوێنییەکەی خراپتر دەبێت و سپڵەکەش بەهۆی ئەو چالاکییە زۆرەیەوە گەورەتر دەبێت.
لە لایەکی دیکەشەوە بەهۆی کەمخوێنییەوە، سپڵ وەکو جێگرەوەیەک هەوڵی دروستکردنی خوێنی نوێ دەدات، ئەمەش هۆکارێکی دیکەی گەورەبوونیەتی.
ئەم گەورەبوونە دەکرێت دۆخی چارەخوازەکە خراپتر بکات، زیاتر کەمخوێنی بکات، خانە بەرگرییەکانی کەم ببنەوە و بەهۆی کەمبوونەوەی پەڕەکانی خوێنیشەوە کەسەکە زیاتر دووچاری خوێنبەربوون و برینداربوون دەبێتەوە، هەربۆیە پێویستە لەم کاتەدا سپڵی کەسەکە دەربهێنرێت.
15/06/2026