بەم شێوازانە سەوزە و میوە بشۆرەرەوە
گران جاف 15/06/2026
زۆرجار کە سەوزە و میوە دەشۆررێنەوە، تەنیا گرنگی بە لابردنی ئەو میکرۆبانە دەدرێت کە دەکرێت لەسەر ڕووی سەوزە و میوەکان بن، لەکاتێکدا گرنگە کە بیر لە پاککردنەوەیان بکرێتەوە لە ماددە قڕکەرەکانیش کە ماددەی کیمیایین بەکاردەهێنرێن بۆ لەناوبردنی مێرووە کشتووکاڵییەکان و دەکرێت زیانی گەورە بە تەندروستیی مرۆڤ بگەیەنن.
زیانەکانی ئەم مادد قڕکەرانە چین بۆ تەندروستیی مرۆڤ؟
- ڕێگەخۆشکەرن بۆ تووشبوون بە بەکتریا، وەکو بەکتریای ئیکۆلای و سالمۆنێلا کە دەبنەهۆی ژەهراویبوون
- بەرکەوتنی درێژخایەنیش دەبێتەهۆی زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییە دەمارییەکان، گرفتەکانی وەچەخستنەوە و نەخۆشیی شێرپەنجە.
کەواتە کاریگەرترین ڕێگەکانی شوشتنەوەی سەوزە و میوەکان چین بۆ ئەوەی بەتەواوی پاکببنەوە لە میکرۆب و ماددە قڕکەرەکانیش؟
گرنگە بزانرێت کە تاوەکو ئێستا ڕێگەیەک نەدۆزراوەتەوە کە %100 کاریگەربێت، بەڵام هەموو ئەم ڕێگەیانەی خوارەوە کاریگەرن لە کەمترکردنەوەی بەرکەوتن لەگەڵ ماددە قڕکەرەکاندا:
- پێویستە تەنانەت ئەو میوانەی کە توێکڵەکانیان فڕێدەدرێن و ناخورێن، بشۆررێنەوە
- پێویستە دەستەکان بە پاکی بشۆررێن پێش و پاش مامەڵەکردن لەگەڵ میوە و سەوزەدا
- رێکخراوی دەرمان و خۆراک لە ئەمریکا پێشنیاز ناکات کە سەوزە و میوە بە سابوون و شامپۆ بشۆررێن و بە ڕێگەیەکی کاریگەرتر ناویان نابات
- بەکارهێنانی فڵچەی پاک بۆ شوشتنی بەرهەمە رەقەکانی وەکو شوتی و پەتاتە لەبەردەم ئاوی رۆشتوودا ڕێگەیەکی کاریگەرە
- پێویستە بەرهەمە نەرمەکانی وەکو ترێ بە دەستەکان لەبەردەم ئاوی ڕۆشتوودا بشۆررێن
- ئەو بەرهەمانەشی ناسکن وەکو تووەکان، باشترە بخرێنەناو سوزگییەوە و لەبەردەم ئاوی ڕۆشتوودا سەروبن بکرێن
- پێویستە چینی دەرەوەی بەرهەمە گەڵاییەکان فڕێبدرێن وەکو کاهوو و کەلەرم
- ئەو میوانەی دەکرێت پاکبکرێن باشترە توێکڵەکانیان لێبکرێتەوە وەکو قۆخ و سێو
- گەرمکردنی میوە و سەوزە یارمەتیدەرە لە لابردنی پاشماوەی ماددە قڕکەرەکاندا بەڵام دەکرێت هۆکاریشبێت بۆ لەدەستدانی بەهاخۆراکییە سوودبەخشەکانی سەوزە و میوەکان





گران جاف
15/06/2026