عێراق سیستمی "یو پی ئێن" بۆ فەرمانبەران دروست دەکات

عێراق بە نیازە سیستمی پەیڕۆڵ و یو پی ئێن بۆ فەرمانبەران دروستبکات
عێراق بە نیازە سیستمی پەیڕۆڵ و یو پی ئێن بۆ فەرمانبەران دروستبکات

دوای ساڵانێک لە گوشار بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە مەبەستی جێبەجێکردنی سیستمی پەیڕۆڵ، ئێستا حکومەتی عێراق دانی پێدا دەنێت کە خۆی خاوەنی سیستمێکی ناوەندی نییە بۆ زانینی ژمارەی ڕاستەقینەی فەرمانبەرەکانی.

نەبوونی داتای یەکگرتوو لە عێراق

مورتەزا قەزوینی، سەرۆکی ئەنجوومەنی ڕاژەی عێراق ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا عێراق داتایەکی یەکگرتووی بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی دەوڵەت نییە. هەرچەندە ژمارەی فەرمانبەران بە 4,609,000 کەس دەخەمڵێنرێت، بەڵام ئەم ئامارە تەنیا لەناو وەزارەتەکاندا هەیە و لە سیستمێکی ناوەندیی دەوڵەتدا کۆنەکراوەتەوە. قەزوینی جەختی لەوە کردەوە کە پێویستیان بە بڕیارێکی حکومی هەیە تاوەکو ئاماری فەرمانبەران ببێتە داتایەکی فەرمی و سەربەخۆ.

بەراوردی ئامارەکانی هەرێم و بەغداد

عێراق لە کاتێکدا کار بۆ دروستکردنی سیستمی پەیڕۆڵ و یو پی ئێن (ژمارەی کەسی بێهاوتا) دەکات، کە ساڵانێکە داوای جێبەجێکردنی هەمان سیستمی لە هەرێمی کوردستان کردووە. یادگار جەبار، سەرپەرشتیاری بایۆمەتریی سلێمانی بۆ کەناڵ 8 ئاماژەی بەوە کرد کە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئەو سیستمەدا 720,000 فەرمانبەر و 1,150,000 مووچەخۆری هەیە، بەڵام بەغداد هێشتا لە سەرەتای هەنگاوەکانیدایە بۆ دروستکردنی ژێرخانێکی لەو شێوەیە.

ئامانجەکانی سیستمی یو پی ئێن

ئامانجی سەرەکی لە دروستکردنی ئەم سیستمە نوێیە لە عێراق، ڕێکخستنی سەرچاوە مرۆییەکان و زانینی ڕێژەی فعلی فەرمانبەرانە. ئەم سیستمە هاوشێوەی پەیڕۆڵ کار دەکات بۆ ئاشکراکردنی ئەو کەسانەی دوو مووچەیان هەیە یان وەک "بندیوار" مووچە وەردەگرن بەبێ ئەوەی دەوام بکەن. هەروەها لە ڕێگەی پەنجەمۆر و زانیارییەکانەوە، کێشە یاساییەکانی وەک زیادەڕۆیی تەمەن و خانەنشین نەکردنی فەرمانبەران چارەسەر دەبێت.

ئاڵنگارییە تەکنیکییەکان و زیرەکی دەستکرد

سەرۆکی ئەنجوومەنی ڕاژەی عێراق دەڵێت، سەرەڕای ئامادەیی ئەنجوومەنەکەیان، بەڵام کێشەی نەبوونی ژێرخانی تایبەت و کەمیی کەسانی شارەزای دارایی و تەکنیکییان هەیە. بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، عێراق دەستی بە ڕاوێژ لەگەڵ چەند وڵاتێکی دراوسێ کردووە تاوەکو سوود لە ئەزموونی ئەوان وەربگرێت و بە نیازە لە سیستمە نوێیەکەدا تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد بەکاربهێنێت.