نەخشەی کاردانەوەکان؛ کێ پێشوازی لە ڕێککەوتنی ئەمریکا و ئێران کرد؟

ڕێککەوتنی ئێران و ئەمریکا کاردانەوەی لێکەوتەوە
ڕێککەوتنی ئێران و ئەمریکا کاردانەوەی لێکەوتەوە

کاردانەوە ئەرێنییەکان بەرامبەر ڕێککەوتنی واشنتن و تاران جیهان دەگرێتەوە؛ وڵاتانی زلهێز و ناوچەکە هیوای قۆناغێکی نوێی ئاشتی و کردنەوەی گەرووی هوورمز دەخوازن.

چین و ستایشی هەوڵەکانی پاکستان

چین کە لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار داوای هێورکردنەوەی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردبوو، بە فەرمی پێشوازی لە یاداشتی لێکگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران کرد. لین جیان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی پاڵپشتی ئەم هەنگاوە دەکات و هەوڵەکانی پاکستانیشی بۆ گەیاندنی هەردوولا بەم قۆناغە بەرز نرخاند. پەکین داوای کرد سەرجەم لایەنەکان پابەندی بژاردەی ئاشتی بن و خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە وەک خۆی جێبەجێ بکەن.

هەڵوێستی سعودیە و نێوەندگیری قەتەر

وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە ڕاگەیێنراوێکی فەرمیدا پشتیوانی خۆی بۆ پرۆسەی دانوستانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەربڕی، کە بڕیارە بۆ ماوەی 60 ڕۆژ دوای واژۆکردنی بەردەوام بێت. ریاز وێڕای دەستخۆشی لە هەوڵەکانی پاکستان و قەتەر وەک نێوەندگیر، هیوای خواست ئەم ڕێککەوتنە ببێتە هۆکارێک بۆ چەسپاندنی ئاسایش و ئاشتی لە تەواوی ناوچەکەدا.

کاردانەوەی وڵاتانی عەرەبی

وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش بە هەمان ئاڕاستە پێشوازییان لە لێکگەیشتنەکە کرد. وەزارەتی دەرەوەی میسڕ هیوای خواست ئەم هەنگاوە ببێتە خاڵێکی وەرچەرخان بۆ هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان. هاوکات پەرلەمانی لوبنان و وەزارەتی دەرەوەی کوەیتیش لە پەیامی جیاوازدا جەختیان لە گرنگیی ئەم ڕێککەوتنە کردەوە بۆ بەرپاکردنی سەقامگیریی بەردەوام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هەڵوێستە نێودەوڵەتییەکان:

چین: پێشوازی لەم لێکگەیشتنە دەکەین.

سعودیە: پێشوازی لە دانوستانی ئەمریکا و ئێران دەکەین.

میسڕ: هیوادارین ئەم لێکگەیشتنە ببێتە خاڵی وەرچەرخان.

کوەیت: بەهیوای سەقامگیری بۆ ناوچەکە.

لوبنان: پێشوازی لە لێکگەیشتنەکە دەکەین.