ئێران لە نێوان ئاشتی و خیانەتدا؛ شەقام دابەش بوو

خۆپیشاندانی بەشێک لە خەڵکی تاران لە دژی ڕێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا. فۆتۆ: AFP
خۆپیشاندانی بەشێک لە خەڵکی تاران لە دژی ڕێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا. فۆتۆ: AFP

ڕاگەیاندنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان تاران و واشنتن شەقامی ئێرانی هەژاندووە؛ لە کاتێکدا بەشێک هیوایان بە کۆتاییهاتنی جەنگ و باشبوونی ئابووری هەیە، لایەنگرانی بەرەی توندڕەو دژی هەر ڕێککەوتنێکن لەگەڵ ئەمریکا.

هیوایەک بۆ ئاشتی و باشبوونی ئابووری

بەشێکی زۆر لە هاوڵاتییانی ئێران دڵخۆشیی خۆیان بەرامبەر گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا دەربڕیوە. ئەوان هیوادارن ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی کۆتاییهاتنی جەنگ، هەڵگرتنی سزاکان و گەڕانەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە. بەشێک لە دانیشتووانی ئێران پێیان وایە ڕێککەوتنەکە دەبێتە هۆی بووژانەوەی کەرتی ئابووری و گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی بۆ وڵاتەکەیان کە ساڵانێکی زۆرە بەدەست قەیرانەکانەوە دەناڵێنێت.

ناڕەزایەتیی لایەنگرانی بەرەی توندڕەو

لە لایەکی دیکەوە، هەرزوو دەنگی ناڕەزایەتی لای بەشێک لە لایەنگرانی سوپای پاسداران و بەرە توندڕەوەکان بەرزبووەوە. نەیارانی ڕێککەوتنەکە جەخت دەکەنەوە کە نابێت تاران باوەڕ بە واشنتن بکات و هەر جۆرە ڕێککەوتنێک بە "خەنجەر لێدان لە پشت" ناودەبەن. لەم چوارچێوەیەدا، دەیان کەس لە بەردەم بینای وەزارەتی دەرەوەی ئێران گردبوونەوە و داوای دەستلەکارکێشانەوەی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە و محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانیان کرد.

بەرگریی پزیشکیان لە دیپلۆماتکارەکان

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە وەڵامی ناڕەزایەتییەکاندا داوای لە خەڵکی وڵاتەکەی کرد ڕێز لە دیپلۆماتکارەکانیان بگرن و بە "خیانەتکار و نیشتمانفرۆش" ناویان نەبەن. پزیشکیان ڕایگەیاند کە وڵات کاتێک دەتوانێت لەسەر پێیەکانی خۆی بوەستێت کە هەمووان بەشدار بن، ئاماژەی بەوەش کرد کە ناکرێت تاران تاوەکو کۆتایی تەمەن لە ناو جەنگ و ناکۆکیدا بێت و پێویستە ویژدان ببێتە پێوەر بۆ هەڵسەنگاندنی هەوڵەکانی حکومەت.

کاتی واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن

بڕیارە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان تاران و واشنتن ڕۆژی هەینی بە نێوەندگیریی پاکستان واژۆی کۆتایی لەسەر بکرێت. پێش پرۆسەی واژۆکردنەکەش، بڕیار وایە شاندی هەردوو وڵات لە وڵاتی قەتەر کۆببنەوە بۆ کۆتاییهێنان بە وردەکارییە تەکنیکییەکان و ئامادەکاری بۆ ڕاگەیاندنی فەرمیی ڕێککەوتنەکە.