ئیدارەی سۆران: پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بە ئەلیکترۆنی دەکرێت

هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران

ئەمڕۆ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا قۆناغێکی تری بڕی و تێیدا لە شارۆچکەی خەلیفان 600 پارچە زەوی بە تیروپشک بەخشرا؛ سەرپەرشتیاری ئیدارەکەش ڕایدەگەیەنێت، پرۆسەکە بەردەوام دەبێت و سەرجەم قۆناغەکانیش بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی بەڕێوە دەچن. لێرەدا پەیامنێری کەناڵ8 وردەکاریی زیاتری ئەم پرۆسەیە دەخاتە ڕوو:

دابەشکردنی 600 پارچە زەوی لە خەلیفان

ئەمڕۆ لە قایمقامیەتی شارۆچکەی خەلیفان سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، 600 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش کرا.

بەراوردکاری لەگەڵ مانگی شوبات

لە سنووری سۆران، لە مانگی شوباتدا تەنیا لە شارۆچکەی ڕەواندز 500 پارچە زەوی دابەشکرابوو، ئەمڕۆش لە خەلیفان 600 پارچە زەوی دابەش کرا.

ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی مافیان هەیە

لە سنووری ئیدارەی سۆران، زیاد لە 40 هەزار فەرمانبەر مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە.

هۆکاری دواکەوتن و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان

هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لەوە کرد، پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە خەلیفان بەهۆی ڕێکاری یاساییەوە دواکەوتووە. دڵنیاییشی دا کە پرۆسەکە بۆ دابەشکردنی زەوی و تەرخانکردنی زەویی نوێ بۆی بەردەوام دەبێت. باسی لەوەش کرد، کار دەکەن بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ ئەو زەوییانەی دەیدەنە فەرمانبەران.

میکانیزمی دابەشکردنەکە

ڕوونیشی کردەوە، میکانیزمی دابەشکردنی زەوییەکە بەگوێرەی پلەبەندی و ساڵانی خزمەتە و بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی دەبێت. گوتیشی، قۆناغەکانی دابەشکردنی زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانەی مەرجی وەرگرتنی زەوییان هەیە، بەردەوامیی دەبێت.

پلانەکانی داهاتوو بۆ ناوچەکانی تری سۆران

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕاشیگەیاند، لە سنووری ناوەندی ئیدارەی سۆران لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەکان کار دەکەن بۆ ئامادەکردنی ژمارەیەک پارچە زەوی و گوتی، ئەو زەوییانە ڕێکارە یاساییەکانیان تەواو بووە و بەمنزیکانە دابەش دەکرێن، دواتریش لە شارۆچکەکانی چۆمان، سیدەکان و مێرگەسوور زەوی دابەش دەکرێت و کارکردن بۆ دابینکردنی زەوی بەردەوامە.