کۆرنۆلۆژیای هێرشی ئەمريکا-ئيسرائيل بۆ سەر ئێران تاوەکو گەیشتن بە ڕێککەوتن

سەرەڕای هێرشەکان گفتوگۆکانی ئەمریکا و ئێران بەردەوامن
سەرەڕای هێرشەکان گفتوگۆکانی ئەمریکا و ئێران بەردەوامن

"ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران هەر ئێستا سەرکەوتووانە تەواو بوو"، بەم گوزارشتە شەوی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕێککەوتنی لەگەڵ تاران ڕاگەیاند، بەوەش کۆتاییهات بەو شەڕەی کە 107 ڕۆژی خایاند، لایەنی ئێرانی و پاکستانیی نێوەندگیریش ڕێککەوتنەکەیان پشتڕاست کردەوە.

دەستپێکی هێرشەکان و کوژرانی ڕابەری باڵای ئێران

بەیانیی ڕۆژی 28ی شوبات بە کاتی ئێران و هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە، جیهان ئارام بوو، مانگی ڕەمەزان بوو، موسڵمانانی ناوچەکە بە ڕۆژوو بوون؛ کەس چاوەڕوانی ڕوودانی شەڕێکی نەدەکرد کە دنیای سەروبن کرد. لە نزیک کاتژمێر 9 هەواڵی هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تارانی پایتەخت میدیاکانی تەنی، سەرەتا کەس نەیدەزانی چییە و لێرە و لەوێ دیمەنی کورتی هێرشەکان بڵاو دەکرایەوە.

بەڵام ئیسرائیل ئاهەنگی دەگێڕا و هەر زوو هەواڵی کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای ئێران و بەرپرسانی دیکەی وڵاتەکەی پشتڕاست کردەوە. دوای 24 کاتژمێریش لە هێرشەکان، ڕۆژی 1ی ئازار ترەمپ دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنەکان و کوژرانی خامنەییی ڕاگەیاند، هەردوولاش داوایان لە گەلی ئێران کرد ڕاپەڕن لە دژی حکومەت و دامەزراوەکان.

ناوی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا و ئێران

ئۆپراسیۆنەکەی ئیسرائیل ناوی (نەڕەی شێر) و ئۆپراسیۆنەکەی ئەمریکاش ناوی "تووڕەیی داستانئامێز" بوو، هەرچی ئێرانیشە ئەو هێرشانە بە "جەنگی ڕەمەزان" ناودەبات.

کاردانەوەی تاران و داخستنی گەرووی هوورمز

پێشهاتەکان زۆر خێرا بوون، هەر زوو ئینتەرنێت لە ئێران پچڕا و هەواڵی ئێران بە ئەستەم دەگەیشتە دەرەوە، ئەوەش ئەو کاتە بوو کە جیهان وا چاوەڕوانی دەکرد لە چەند کاتژمێرێکدا حکومەتی تاران بڕووخێت و ئەمریکا نوێنەرێک بۆ بەڕێوەبردنی ئێران دیاری بکات، بەڵام بەپێچەوانەی چاوەڕوانییەکانەوە تاران دەستەوستان نەبوو، لە دوای 24 کاتژمێر دەستی کرد بە وەڵامدانەوەی هێرشەکان و ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکایان لە وڵاتانی کەنداو کردە ئامانج.

ڕۆژی 2ی ئازار ئێران گەرووی هوورمزی داخست، ئەوەش بوو بەهۆی پەکخستنی بەشێکی گرنگ لە ئابووریی جیهان لەکاتێکدا 20%ی نەوت لەڕێگەیەوە هەناردە دەکرێت، ئەو کەشتییانەی دەکردە ئامانج کە پەیوەندییان بە ئەمریکا و ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانیانەوە هەبوو.

هێرشەکانی حیزبوڵا و کردنەوەی بەرەیەکی دیکەی شەڕ

لە هەمان ڕۆژدا حیزبوڵای لوبنان هاتە ناو شەڕەکەوە و دەستی بە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل کرد و بەرەیەکی دیکەی دامەزراند و شەڕەکەی فراوان کرد، بێگومان ئیسرائیلیش بێ وەڵام نەبوو.

هەڵبژاردنی ڕابەری نوێ و بەئامانجگرتنی بنکە ستراتیژییەکان

لەناو ئەو شەڕ و ئاڵۆزییانەدا و لەگەڵ کوژرانی زیاتر لە 40 سەرکردەی باڵای ئێراندا، ڕۆژی 8ی ئازار ئەنجومەنی شارەزایانی ئێران موجتەبا خامنەیی، کوڕی عەلی خامنەییی وەک ڕابەری نوێی باڵا و جێگرەوەی باوکی هەڵبژارد.

هەر لە ماوەی شەڕدا، واشنتن و تەلئەڤیڤ دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی مووشەکی ئێران، بنکە دەریایی و کەشتییە جەنگییەکان، دامەزراوە ئەتۆمی و ستراتیژییەکانیان دەکردە ئامانج.

ئێرانیش بەردەوام وەڵامی ئەو هێرشانەی دەدایەوە؛ یەکێک لە بەهێزترین هێرشەکانی ئێران بۆ سەر دوورگەی دیگۆ گارسیا بوو کە بنکەی سەربازیی هاوبەشی ئەمریکا و بەریتانیای لێیە، بەگوێرەی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان ئێران لەو هێرشەدا مووشەکی بالیستیکی کیشوڕبڕی بەکارهێناوە و مووشەکەکەی مەودای 4000 کیلۆمەتری بڕیوە.

هەڵوێستی نێودەوڵەتی و دەستپێکردنی نێوەندگیری

سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتانی جیهان، هیچ وڵاتێک بە فەرمی دەنگی خۆی نەخستە پاڵ ئەمریکا و ئیسرائیل و نەچووە ناو شەڕەکەوە، ئەوە سەرباری ئەوەی چەندین جار دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە وڵاتانی ئەورووپا بە تایبەت کرد کە بە پاساوی کردنەوەی گەرووی هوورمز بچنە شەڕەکەوە، بەڵام هەڵوێستەکان بە ئاراستەی کۆتاییهێنان بوون بە شەڕ.

ئیتر لە کۆتاییەکانی مانگی ئازاردا چەندین وڵات ئامادەیی خۆیان بۆ نێوەندگیری ڕاگەیاند بە ڕووسیاشەوە و باسوخواسی دانوستان هاتە ئاراوە؛ یەکێک لەو وڵاتانەی لە پێش هەمووانەوە بوو پاکستان بوو، لەلایەن تاران و واشنتنیشەوە بە فەرمی وەک نێوەندگیر ناسێنرا. ڕۆژی 8ی نیسان و دوای 40 ڕۆژ لە شەڕ، ترەمپ ئاگربەستی ڕاگەیاند.

شکستی گفتوگۆکانی ئیسلامئاباد و گەمارۆی دەریایی

ڕۆژی 11ی نیسان شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی جەی دی ڤانسی جێگری سەرۆک و شاندی ئێران بە سەرۆکایەتیی محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتەکە و 70 کەسی یاوەری گەیشتنە ئیسلامئاباد و گفتوگۆکانیان دەستی پێ کرد و دوو ڕۆژی خایاند بەڵام بێ ئەنجام بوون.

دوای بێهیوابوون لە دانوستانەکان و تا ڕادەیەک بێ ئەنجامبوونی هێرشەکان، ترەمپ تاکتیکێکی دیکەی لە دژی ئێران بەکارهێنا و سەرباری ئاگربەست، ڕۆژی 13ی نیسان گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا سەپاند و گوتی: "ئامانجم لەو کارە وشککردنی ئابووریی ئێرانە و ڕێگریکردنە لە چوون و هاتنی کەشتی بۆ بەندەرەکانی ئێران جگە لە باری مرۆیی".

ئاماری قوربانییەکان و واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی جنێڤ

لەو کاتەشەوە هەتاوەکو دوێنێ، کەم تاوەکو زۆر هێرشەکانی ئەو دوو لایەنە بۆ سەر یەکدی بەردەوام بوون و گەرووی هوورمزیش بە داخراوی ماوەتەوە، بەڵام هاوکات ئاڵوگۆڕی پەیامی نێردە دیپلۆماسییەکان بەردەوام بووە.

جگە لە زیانە ئابووری و سەربازییەکان، بەگوێرەی ئامارەکان لە ماوەی شەڕەکەدا نزیکەی 4000 کەس لە ئێران، زیاتر لە 3700 کەس لە لوبنان، 35 کەس لە ئیسرائیل، 15 سەربازی ئەمریکی، دەیان کەسیش لە عێراق و وڵاتانی کەنداو کوژراون.

ڕۆژی واژۆکردنی ڕێککەوتن لە جنێڤ

بڕیارە ڕۆژی هەینی 19ی حوزەیران، قوفڵ بدرێت لە دەرگای هەموو ئەو ڕووداوانە و نوێنەرانی ئەمریکا و ئێران لە جنێڤ ڕێککەوتن واژۆ بکەن.