جێگری سەرۆکی ئەمریکا: دڵنیادەبینەوە ئێران پابەندە بە ڕێککەوتنەکە
جێگری سەرۆکی ئەمریکا لەسەر ڕێککەوتنی نێوان وڵاتەکەی و ئێران ڕایگەیاند، چاودێری جێبەجێکردنی پابەندییەکانی ئێران لە ڕێککەوتنەکە دەکەین.
چاودێریکردنی جێبەجێکردنی پابەندییەکانی ئێران
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لەسەر قۆناغی دوای ڕێککەوتن ڕایگەیاند، پێشبینی دەکەن گەرووی هوورمز بەبێ بوونی هیچ باجێک بکرێتەوە و چاودێری جێبەجێکردنی پابەندییەکانی ئێرانیش لە ڕێککەوتنەکە دەکەین.
ڕەخنە لە میدیای ئێران
لەسەر میدیای ئێرانی، ڤانس ڕایگەیاند، کە میدیای ئێرانی هەوڵدەدات یاری بە خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە بکات بەڵام هیچ خاڵێک نییە باس لە پێدانی 24 ملیار دۆلاری ئەمریکی بە ئێران بکات.
قۆناغەکانی ڕێککەوتنەکە
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی ڤانس دەڵێت، سەرەتا لێکۆڵینەوە، دوای کۆتایهێنان بە پرۆگرامی ئەتۆمی و ئینجا قۆناغی ئازادکردنی پارەکانی ئێران دەبێت، لەسەر لەناوبردنی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەش لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی و ئێران قسە دەکەن، بەڵام دڵنیادەبنەوە لەوەی ئێران نەگەڕێتەوە قۆناغی پیتاندنی یۆرانیۆم.
کێ لە ئێرانییەکان ئامادەی واژۆکردنەکە دەبن؟
لەبارەی پرۆسەی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە، جەی دی ڤانس ڕایگەیاند، چاوەڕێ دەکەن هەر یەک لە محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە ئامادەبن.
ئەم هەفتەیە ناوەرۆکی ڕێککەوتنەکە بڵاودەکرێتەوە
لەبارەی خاڵەکانی ناو ڕێککەوتنەکەش، جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، پێشبینیدەکەن هەر ئەم هەفتەیە ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە بڵاوبکرێتەوە، بەڵام ڕێککەوتنەکە پارەی پێویست نادات بە ئێران کە چەکی ئەتۆمی هەبێت.
هێشتا ڕێککەوتنەکە پێویستی بە ڕوونکردنەوە هەیە
ڤانس ڕاشیگەیاند ، کە هێشتا وردەکاری زیاتر لەبارەی ڕێککەوتنەکە هەیە کە پێویستی بە ڕوونکردنەوەی زیاتر هەیە، بەڵام پابەندییەکی دوور مەودا هەیە کە گرەنتی ئەوە دەکات ئێران نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
لەبارەی ئێرانیشەوە جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ئێران ئەگەر پابەند بێت ئەوا داهاتووی دەبێت و ترەمپ دەیەوێت کۆتایی بە 47 سآڵ پەیوەندی خراپ لەگەڵ ئێران بهێنێت.
15/06/2026